دیمانە
عەلی قازی: رێککەوتنامەی نێوان حدکا و کۆمەلەی شۆڕشگێڕ خۆ دەربازکردنە لە قەیرانە نێوخۆییەکانیان
22/11/2012

 

عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد و سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان لەم دیدارەدا لەگەڵ گۆڤاری لڤین تایبەت بە بارودۆخی حیزبە کوردییەکانی کوردستان رۆژهەڵات دەدوێت و باس لەوە دەکات کە رێککەوتننامەی نێوان دیمۆکرات و کۆمەڵە بۆ خۆ دەربازکردنیانە لە قەیرانە نێوخۆییەکانیان و هیچ خزمەتێک بە کێشەی کوردانی رۆژهەڵات ناکات، ئەو ئاماژەش بەوە دەکات کە حیزبەکانی رۆژهەڵات ناتوانن بەو پڕش و بڵاوییەی ئێستاوە کەڵکی دروست لە هیچ دەرفەتێک وەربگرن و وەکوو ئەویش دەڵێت حیزبی کوردی کوردستانی رۆژهەڵات هەیە بەدەست ناوەکەی خۆیەوە گیریخواردووە.

 

لڤین: ئێوە چۆن لە رێکەوتنی نێوان کۆمەڵە و دیمۆکرات دڕوانن، پێتان وایە ئەو رێکەوتنە دۆزی کورد لە کوردستاندا بەرەوپێشبەرێت؟

عەلی قازی: گشتاندنی وشەی "کۆمەڵە" و "دیمۆکرات" بۆ ئەم رێکەوتنە دوو قۆڵییە، دروست نییە. هەڵبەتە خودی ئەو دوو لایەنەش هەوڵیان داوە، بەوجۆرە گشتگیرانە خۆبە "دیمۆکرات" و "کۆمەڵە" بناسێنن کە دیارە ئەوە ئامانجی تایبەتی لە پشتە. بەڵام ئەمڕۆ" کۆمەڵە" بریتیە لە سێ رێکخراوی سیاسیی و ڕەوتێک کە هەر چواریان ناویان کۆمەڵەیە و هەر چواریان بەشێکن لە کۆمەڵە و مێژووەکەی. هەروەها دوو حیزبی دێموکڕات هەن کە هەر دوو کیان " دێموکڕات" ن و بەشێکن لە مێژووی ئەو حیزبە. ئەو رێکەوتنە لە نێوان یەکێک لەو دوو دیمۆکراتە و یەکێک لەو چوار کۆمەڵەیەیە.

 رێکەوتنەکە لە زۆر بارەوە قسە هەڵدەگرێ. ئێمە ئەم چەند خاڵەمان پێ گرینگترینیانە:

 یەکەم: ئەم رێکەوتنە هیچ رادەیەک لە گرینگترین کێشەی هەنووکەیی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەم ناکاتەوە کە بریتیە لە پڕش و بڵاوی هێزە سیاسییەکان و نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانیی. راست بە پێچەوانەوە دەکرێ بگوترێ کە ئەم هەنگاوە، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئەو هەوڵانە کردووە کە چەندین ساڵە بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دەدرێن. وەک دەبینین تەنیا دوو لایەن پێکەوە رێکەوتوون کە نە لە رووی چەندایەتییەوە زۆربەی هێزەکانی بزووتنەوەکە پێکدێنن و نە لە رووی چۆنایەتییەوە، دەکەونە تای قورسی تەرازووەکەوە.

دووهەم: بنەمای سیاسیی ئەو رێکەوتنە نە لەگەڵ مافی رەوای نەتەوەکەمان گونجاوە و نە لەگەڵ گەشەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لەم سەردەمەدا. ئەوان نادێموکراتیانە کوردی رۆژهەڵاتیان مەحکوم بە مانەوە لە چوارچێوەی ئێران لە سیستەمی فیدڕاڵی دا کردووە. لە حاڵێکدا کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی هەیە و دەبێ خەباتی هێزە کوردستانییەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو مافە بێ کە لە لایان تارانەوە زەوت کراوە. هەر حیزبێک دەتوانێ ئامانج و دروشمی خۆی هەبێ، بەڵام کەس بۆ نییە لەجیاتی نەتەوەیەک بڕیار بدا. ئەگەر ئەوان خۆ بە پارێزەری سەروەری سیاسی و "یەکێتی ئێران" دەزانن و پێیانوایە کورد لەو چوارچێوەیەدا بە ئازادیی و مافەکانی دەگا، ئێمە ئەو ئەرکە بە هی کورد نازانیین و پێمانوا نییە کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بە ماف و ئازادیی رەوای خۆ بگا. کە واتە با گەل خۆی بڕیار بدا کە چۆن و لە کام چوارچێوەدا دەژی. ئەویش لە رێگای ریفراندۆمێکی ئازادەوە بە چاودێریی دامەزراوە ناسراوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

سێهەم: بە سەرنجدان بەو دوو خاڵەی سەرەوە، دەگەینە ئەو ئاکامەی کە ئەم رێکەوتنە لە بازنەی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی ئەو دوو حیزبە دەر نەچووە و بەر لە هەر شتێ هاوپەیمانییەکەیان بۆ دەرچوون لە هێندێ قەیرانی رێکخراوەیی خۆیان و نیگەرانیی  لە گەشەی هێزەکانی دیکەی سەر گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەرانبەر بەشەکانی دیکەی "دیمۆکرات" و "کۆمەڵە"دایە. بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە، ئەوان وەک دوو حیزب و لایەنی سیاسیی، مافی خۆیانە چۆن سیاسەت بکەن و چۆن پێوەندییەکانی خۆیان رێکبخەن.

لڤین: باس لەوە دەکرێت کە لەبەرانبەر رێکەوتنەکەی دیمۆکرات و کۆمەڵەدا بەرەیەکی تر لە حیزبەکانی دی دروستبێت، تا چەند بڕواتانوایە کارێکی لەو شێوەیە سەرهەڵبدات؟

عەلی قازی: پێکهاتنی هاوپەیمانیی یان چەند هاوپەیمانیی و جەمسەرێکی دیکە بەدوور نازانین، بەڵام ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا نین کە بۆ بەربەرەکانێی رێکەوتنی  ئەو دوو لایەنە هاوپەیمانیی پێکبێ. لە راستیدا خەمی ئێمە  پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانیە کە جگە لە حیزبەکانی دیکە، ئەو دوو لایەنەشی تێدابن، بەڵام لە حاڵی حازر و  لە کورت مەودا دا ئەوە مومکین نابینین.

لڤین: ناوچەکە بەگشتی لە چاوەڕوانی گۆڕانێکی گەورەدایە، بڕواتانوایە کە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بەو پەرتەوازییەی ئێستایانەوە بتوانن بە ئەرێنی رووبەرووی ئەو گۆڕانکارییانە ببنەوە، یاخود گەرەنتی چییە بۆ ئەوەی کوردانی رۆژهەڵات لەو گۆڕانکارییانە سوودمەند ببن و پێشوازییەکی باشی لێبکەن؟

عەلی قازی: بێ گومان بەم پڕش و بڵاوییەی ئێستاوە، ناتوانین کەڵکی دروست لە هێچ دەرفەتێک وەربگرین. هیچ تاکە حیزب و هیچ دوو حیزبێکیش، توانای پڕ کردنەوەی بۆشایی یەکگرتنێکی بەرفراوانی سیاسیی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی نییە.

لڤین: بەردەوام باس لە رێکخستنەوەی ماڵی کورد دەکرێت لە رۆژهەڵات، بەڵام پەرتەوازەییەکان هێشتا بەردەوامن، کێ لەو دۆخە ناتەندروستە بەرپرسیارە؟

عەلی قازی: ئەو حیزب و کەسانەی لە هەمووان قسە زلتر و خۆ بە بە زلزانترن، لە هەمووان بەرپرسیارترن.

لڤین: دەڵێن ئەوەی لە مەیدانی سیاسیی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتدا دەگوزەرێت فەوزا و پاشاگەردانییە، نەک فرە حیزبی؟

عەلی قازی: بێگومان ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێ و لێرەدا ئەو دەرفەتەنییە. بەڵام ئەگەر بە کورتی عەرزتانی بکەم، دەبێ بڵێم، لەم چەند ساڵەی دواییدا، سنوورەکان زۆر تێکەڵ و پێکەڵ بوون. هێندێک حیزب هەن کە بوونیان پشت بە هیچ فەلسەفەیەک نابەستێ هیچ پەیام و رەساڵەتێکی تایبەت بە خۆیان نییە و روون نییە کە بوونی ئەوانە بۆچی و لە پێناو چیدایە و لەگەڵ فڵانە حیزبی دیکە چ جیاوازییەکیان هەیە. حیزب هەیە تەنانەت بەدەست ناوەکەی خۆیەوە گیری خواردووە. حیزب هەیە ئەوەی لە ئەدەبیاتی فەرمی خۆیدا دەیڵێ لەگەڵ ئەدەبیاتی گشتی ئەندامەکانی و تەنانەت زمانیی میدیایی خۆی وەک یەک و تەبا نییە. هێندێک روو بە خەڵکی کوردستان بە زمانێک دەدوێن و روو بە فارسەکان بە زمانێکی دیکە. ئەمە دۆخی ئەوانەیە کە حێزبن. بەڵام  شتێکی دیکەش خەریکە دەبێتە دیاردە کە هەر کەس بێکار بوو و ژیان و گوزەرانی نەسووڕا، بە تەماحی " یاسای بودجەی حیزبەکانی پەرلەمانی کوردستان" کامپیوتێرێک و هێڵێکی ئەنترنێت دابنێ و حیزبێک رابگەیەنێ و چەند ناوی نەدیو و نەناسراو بکاتە "کۆمیتەی ناوەندی" و سەرکردایەتی" و خۆشی وەک سەرۆک و سکرتێر بناسێنێ و حیزبە لە یەک لەت و جیاوە بووەکانیش، لە نێویاندا بکەونە یاری و یارگیریی. ئەمە خەریکە پرستیژ و  دەموچاوی حیزب و  حیزبایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاڵ و ناحەز دەکا.

لڤین: سەرنجی ئێوە وەک پارتی ئازادیی کوردستان لەسەر پژاک چییە، ئێوەش بڕواتانوایە خەباتی ئەوان خزمەت بە کوردانی رۆژهەڵات ناکات؟

عەلی قازی: ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان، پژاک بە هێزێکی نامۆ نازانین، پژاک هێزێکی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانە و وەک هەموو حیزبەکانی دیکە مافی بوون و خەباتی سیاسیی هەیە. پاک و پژاک پێوەندییەکی دۆستانەمان پێکەوە هەیە.  پێوەندییەکەش هی ئەمڕۆ نییە.

لڤین: حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات هیوایەکی زۆریان بە رووخانی رژیمەکەی بەشار ئەسەدەوە گرێداوە و پێیانوایە دووای رووخانی رژیمی سوریا ئێرانیش جموجۆڵی تێدەکەوێت و نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەلی شۆڕشیان بۆ دەستەبەر دەبێت؟

عەلی قازی: بێگومان رووخانی رێژیمی سووریا بە زۆر هۆ، بە دژی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و دەرفەتی تازەش بۆ کورد پێکدێنێ. بەڵام ئێمە وای نابینین کە ئۆتۆماتیکیەن نەیارانی کۆماری ئیسلامی "هەلی شۆرش" یان بۆ بڕەخسێ. کێ دەڵێ کۆماری ئیسلامی پاش رووخانی سووریا، روو لە پاشەکشە لە سیاسەتەکانی ئەمڕۆی و سات و سەودا لەگەڵ رۆژاوا ناکا؟ یان کێ دەڵێ هەر ئێستا لەسەر سووریا روو لە مامەڵە و سەودا لەگەڵ رۆژاوا ناکا؟  ئێمە سیاسەت کردن بەپێی "تەقدیر"مان پێ دروست نییە. دۆخی ئێرانی پاش رووخانی بەشار ئەسەد، بە زۆر فاکتەرەوە بەندە. لە راستیدا ئەو فاکتەرانەن کە دەکرێ داهاتووی تارانیان پێ بخوێندرێتەوە. ئێمە وەک پارتێکی نەتەوەیی، خەبات و هیوای خۆمان بە هیچ کون و کەلێنێکەوە" گرێ" نادەین. بەڵکوو هیوا و  هۆیەکانی ئەو خەباتە و درێژەپێدانی لە هەناوی ژیان و بارودۆخی نەتەوەکەماندا دەبینینەوە. هاوکات " کەڵک" وەرگرتن لە دەرفەتەکانی دەور و پشتیشمان بە دروست دەزانیین.

 

* ئەم دیمانەیە لە ژمارە 215 گۆڤاری لڤین لە (20/11/2012) بڵاوکراوەتەوە.



كۆمێنتی خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان ده‌ربرینی بیرورای خوێنه‌رانه ‌و سایته‌که‌مان به‌ر پرس نیه‌ له‌و كۆمێنتانه‌

ناو:
 
ئیمه‌یل:
 
کۆمێنت:
 
دیمانه‌
‌ حسەین یەزدانپەنا: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکووک تەواوکەری هەنگاوەکانی پێشمەرگەیە
‌ یەزدانپەنا: نابێ هیچ حزبێك سەروەریی پارچەیەكی تری كوردستان پێشێل بكات
بابه‌ت
زۆرینەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کام نەتەوە و پارێزگا پێک هاتون ؟
ناسر قازی
تەوشناسی ناسیۆنالیزمی کوردستانی
عەلی عەونی
داسەپاندنەوەی دووبارەی سایس- پیکۆ لەدژی کوردان
حەسەن ماوەرانی
لە کەوتنی حەلەب ، دەستکەوتەکانی هەریەک لە روسیا و ئێران و تورکیا چی بوون ؟
نیاز حاجی
پێناسەیەک لە مێژووی ئاڵای کوردستان
بەهمەن کاک عەبدوڵلا
کۆمه‌ڵایه‌تی
  • ژنان
  • منداڵان
  • قوتابیان و لاوان
  • ژینگه‌
ئاخاوتن
کوردستان24: دەقی وتەکانی حسەین یەزدانپەنا فەرماندەی گشتی هێزەکانی PAK بەبۆنەی 71 کۆماری کوردستان ‌
زۆرترین خوێنراو
  • 24 کاتژمێر
  • هه‌فته‌یه‌ک
  • مانگێک
سه‌رەتا ئاخاوتن بابەت دیدار بۆ کوردستان مافی مرۆڤ دیمانه‌ کۆنگرەی یه‌ک په‌یوەندی دەربارە ئەرشیف
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان 2012