دیمانە
فیدرالیزم چاری دەردی کورد ناکا و تەنیا خۆ جیا کردنەوە و شکاندنی سنووری دەسکرد ئاسوودەیی و ئارامیی دەهێنێتەوە ناو خێزانی کورد
2/2/2013

PAZADIK:دکتور کەژاڵ رەحمانی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەو ماوەی ٣٠ ساڵە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و هەنووکە مامۆستای زانکۆی «هارواردە» لەو وڵاتە، بەڕێزیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ «بۆ کوردستان» تیشک دەخاتە سەر ژیان و خەباتی سیاسی خۆی و هەروەها روانگەی خۆی لە سەر پرسی نەتەوەیی کورد و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و بزووتنەوەی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دەردەبڕێ.   

 

بۆ کوردستان: دوکتور کەژاڵ رەحمانی بۆ ماوەی 30 ساڵە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی، ئایا کورد لەو وڵاتە لۆبی خۆی هەیە? ئەگەر هەیەتی چەندە سەرکەوتوو بوون؟

د. کەژاڵ: سەرەرای ئەوەی کە کورد لە وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمریکا کەمە بەڵام لە چاو رێژەکەی لۆبی کورد لەوێ بە هێزە و توانیویەتی دەنگی کورد بگەیەنێتە دەسەڵات و خەڵکی ئەو وڵاتە. لە لایەکیترەوە لە پاش راپەڕینی کورد لە باشووری کوردستان لە 1991، و دواتر هاتنی هێزە هاوپەیمانەکان بۆ عیراق و رووخاندنی رێژیمی بەعسی سەدام بە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوە دە ئەوەندەیتر کوردی لە دنیای دەرەوە و بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناساند و هێزی لۆبی کوردی بردەسەر. بەڵام ئەوەندەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەرێتەوە دەبینین کە چەند سەردان و دانیشتن لەتەک چەند بەرپرسێکی ئەمریکایی و هەر یەکە و بە رەنگێک و هەر یەکەو بە دەنگێک و هەر یەکە و پێناسەیەکی خۆی بۆ کورد لە ئەمریکا وای کردووە کە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەمریکاش بڕیاری خۆی یان هەنگاوی خۆی بۆ نزیک بوونەوە و بە دەنگەوە چوونی کوردی رۆژهەڵات لەو وڵاتە نەدا. ئەوەندەی ئێمەی کورد لە ئەمریکا بە هەر شێوەی مومکین یان بە رێکخراوگەڵێکی کولتوری یان لە قالبگەلێکی تردا ئەوەندەی توانیومانە حەولی بە هێز کردنی لۆبی کوردمان داوە. بە تایبەتی جێگەی خۆیەتی لێرەدا باس لە KNC بکەم کە زۆر باش توانیویانە بەرەو پێش بچن.

 بە گشتی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی هێزە سیاسییەکان دەنگیان نییە و ئەو پرش و بڵاویەی حیزبە سیاسییەکان ئەوەندەیتری بێ هێز کردووین.

بۆ کوردستان: جەنابت تا چەندە و لە چ رێگەیەکەوە توانیوتە هاوکار بی بۆ ناسینی کورد لە ئەمریکا؟

د. کەژاڵ: بە هۆی ئەوەی کە کاری من لە سەر مرۆڤناسی و رشتە و تەخوسووسم لە سەر میزۆپۆتامیایە تا ئێستا بە دەیان مەقالە و راپۆرتم لە رۆژنامە و راگەیاندنە بە ناوبانگەکانی ئەمریکا لە سەر کورد و کوردستان بڵاو کراوەتەوە و جگە لەوەش هاوکاری کۆمەڵێک رێکخراوی مرۆڤ دۆستی ئەمریکایی لە کوردستان دەکەم.

بۆ کوردستان: ٦٦ ساڵ بە سەر هەرەسی دەوڵەتی جمهوری کوردستاندا تێدەپەرێ و لە باشووری کوردستان دەنگ و باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی گەرمە و بینیشمان لە چەندین وتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راشکاوی باس لە سەروەریی سیاسی و مافی دیاری کردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی کراوە، رای جەنابت سەبارەت بە دەوڵەتی کوردی چییە؟

د. کەژاڵ: بە بڕوای من کورد لە مێژ ساڵ بوو دەبوایە دەوڵەتی خۆی راگەیاندبایە، لە نەزەر مرۆڤناسی و پێشکەوتنی جیهانییەوە کورد لە مێژساڵە گەیشتۆتە قۆناغی بە دەوڵەت بوون و سەدەئ ٢١ سەدەی دروست بوونی دەوڵەتگەلی بچووکە. کورد لە خاوەرمیانەدا هێزی دیارە و پێوەندی دیپلۆماسی لە تەک زۆربەی وڵاتانی جیهانی هەیە. کورد لە ناو وڵاتگەلێکی چەند میلییەتیدا دابەش کراون کە بە پێی مەنشووری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێت کورد مافی بە دەوڵەت بوونی هەیە.

بۆ نموونە لە باشووری کوردستان بە دەیان کۆنسوولی وڵاتانی لێیە و کۆمپانیا جیهانییەکان پرۆژەی زۆر گەورەیان لە کوردستان وەگەڕ خستووە. ئەمانە و دەیان هۆکارگەلیتر ئەتوانێ هەنگاو بۆ بە دەوڵەت بوونی کورد بەهێز بکا. دیارە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی پێویستی بە پشتیوانی دەرەکی هەیە و ئەمەش ناکرێ لە بەرچاو نەگیردرێ، بەڵام یەکگرتوویی هێزی کورد و یەک هەڵوێستی کۆمەڵگای کوردی و سەرکردایەتی ژیر ئەتوانێ کورد بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی کە دەوڵەت و دەسەڵاتی کوردییە و ئەوەش مافێکی سروشتییەتی بگەیەنێ. بەسە تا کەی برای دوژمنەکانمان بین ئەوە دەبینین کە لە باشوور ئەو کەسانەی بە دەنگی کورد چوونە سەر تەخت ئێستا دژایەتی کورد ئەکەن و هێزی دیپلۆماسی و سەربازی لە دژی کورد بە کار دێنن.  هەر وەک عەرزم کردن کورد بە سەر چەند وڵاتێکدا بە ناخواستە دابەش کراوە و ئەو وڵاتانەش فرە نەتەوەن بە تایبەتی ئێران. سیستەمی ئەو وڵاتانەش وا دارێژراوە تەنیا نەتەوەی سەردەست وەک فارس، تورک، عەرەب دەسەڵات و ماف و ...هتدیان هەبێ و نەتەوەکانیتر دەبێ ئەقەلییەت بن و سەرکوت و قەتلوعام و ئەنفال و شیمیایی بەشیان بێ. کەواتە فیدرالیزمیش چاری دەردی کورد ناکا و تەنیا خۆ جیا کردنەوە و شکاندنی سنووری دەسکرد ئاسوودی و ئارامی دەهێنێتەوە ناو خێزانی کورد.

ئەوەندەی بۆ خۆشم دەگەڕێتەوە من کەسێكی نەتەوەییم و بە واژەی سەریحتر کوردێکی ناسیۆنالیستم هەر بۆیەش تا سەر ئیسقان پشتیوانی لە بە دەوڵەت بوونی کورد دەکەم و ئامادەی هەموو فیداکارییەکیش هەم لەو رێگەیەدا.

بۆ کوردستان: لە لای فارس، عەرەب و تورکەکان د. کەژاڵ بەو پێناسەیەی کە لە خۆی کردوویە بە تەجزیە تەڵەب و جیاییخواز ناوی لێ دەنرێ و دژایەتی بیر و فکرەی دەکرێ، وڵامت چییە بۆ ئەوان؟

 د. کەژاڵ: ئەگەر داوای رەوا و پشتگیری لە ماف و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد و داوای حەقی خۆکردن تەجزیەتەڵەبییە، دەبێ بڵێم تەجزیە تەڵەبم و شانازیشی پێوە ئەکەم.

من بە کوردی لە دایک بووم و بە کوردیش دەمرم. تا گیانم مابێ لە پێناو کورد و کورد بوونم تێدەکۆشم.

بۆ کوردستان: ماوەیەک لەمەوبەر کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی هێرشی راگەیاندنی فارسەکان کە (کورد لە خەتی خۆی لایداوە و باس لە جیاییخوازی دەکا) سەرەرای ئەوەی کە ئاماژەی فارسەکان بە بەرز کردنەوەی دروشمی فیدرالیزم بوو لە لایان هێزە کوردستانییەکان د. کەژاڵ وڵامی چییە؟

د. کەژاڵ: هۆکاری هێرش کردنە سەر کورد رێکەوتنی دوو حیزبی سیاسی بوو، سەرەرای ئەوەی کە نە ئەو دوو حیزبە نوێنەری سەرجەم گەلی کوردن و نە باسیان لە جیاییخوازی و مافی دیاری کردنی چارەنووسی کورد وەک خۆی کردووە، کەواتە دەتوانین بڵێین بە هاوپەیمانی کورد و تەنانەت باس لە فیدرالیزمیش نارەحەتن و شاڵاومان بۆ دێنن. لێرەدا دەبێ دەرک بەوە بکەین کە دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و شۆعاری زریقەدار بۆ کورد نەک دەردێک دەوا ناکا بەڵکوو تەنیا خۆمانی پێ هەڵدەخڵەتێنین و ئەوەش نمونەی موشەخەس کە دیتمان چۆن کەوتنە جنێو و ناو و ناتۆرەدان لە کورد کە تەنیا باسێکی جوزئی لە فیدرالیزم کردووە. لە وەها موناسباتێکدا کورد دەبێ قسەی خۆی هەبێ و راست و شەفاف پێداگر بێ لە سەر داوا و مافە ڕەواکانی خۆی کە بە بڕوای من تەنیا دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کورد دەبێ ببێتە بنچینەی خەبات و تێکۆشان و وتەی بەرامبەر فارس و سەرجەم نەتەوەکانی ناو ئێران. ئەوە هیچ نەوتراوە ئاوەها پەلاماریان داوین ئەگەر بێین و باس لە مافی ڕەوای خۆمان بکەین دەکەنە چەکا بۆمان هەروەک چەند لایەنێکیان وەک ئازەرییەکان و فارسەکان کە وتوویانە و بە فیلمیش هەس کە ئەگەر بزانن کورد باس لە جیاییخوازی ئەکا ئەوە دەچنەوە پاڵ جومهوری ئیسلامی و بە دژی کورد دەوەستنەوە.

بۆ کوردستان: لە پاش هەرەســــی کۆمـــــــــــــــاری کوردستانەوە درووشـــــــمی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە pak، تا ١٠ ساڵ لەمەوبەریش خودموختاری بۆ کورد و دیموکراسی بۆ ئێران بوو، و دواتر دروشمی فیدرالیزم هاتە ناو دروشمی ئەو حیزبانەوە. جەنابتان پێتان وایە کە ئەو درووشمانە لە جێی خۆیدایە و کورد دەبێ لەو چووارچێوەیەدا درێژە بە خەباتی خۆی بدا؟

 د. کەژاڵ: قازی محەمەدی رەحمەتی فورمولێکی نوێی بۆ خەباتی کورد هێنا و جومهوری کوردستانی دامەزراند و سەروەریی بۆ کورد گەڕاندەوە. بە داخەوە  لە دوای نەمانی کۆمار و پێشەوا نەتوانرا درێژە بە فکر و رێبازەکەی بدرێ. ئەو حیزبانە بەرەو دواوە رۆیشتن و دروشمی بچوک و بێ ناوەرۆکیان کە دەکرێ بلێین دیکتە کراو بوو هەڵگرتەوە. من ئێستاش لە دروشمی دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دروشمی لەو بابەتە بۆ کورد تێنەگەیشتووم و بۆم حەل نەبووە. دیموکراسی بۆ ئێران بە کورد چی. بە کورد چی تاران دیموکراسی بەرقەرارە یان نا. بۆ دەبێ خەباتی کورد بچێتە خانەی خزمەت بە فارس و نەتەوەکانیترەوە. ئەوە دەبینین لە باشووری کوردستان لە دروشمی برای عەرەب و دیموکراسی بۆ عیراق  و ...هتد چی بەسەر کورد دێ. فارس قسەی خۆی هەیە و دەڵێ «چون ایران نباشد تن من نباد» یەعنی تو نیت و نابێ ببیت و هەر کەسێکیش دژی ئەوە بێ گیانمی لە دژ دادەنێم.

بۆ کوردستان:  دوا وتەی جەنابت چییە بۆ خوێنەرانی بۆ کوردستان؟

 د. کەژاڵ: یەکگرتن سەرکەوتنی کورد مسۆگەر دەکا. وەرن و یەک بگرین بۆ خەباتی نەتەوەیی کورد و بۆ ئاسوودەیی مناڵی کورد و گەڕاندنەوەی سەروەریی بۆ نەوەی نوێمان.

 

ئەم بابەتە لە رۆژنامەی بۆ کوردستان - ژمارە٥٦دا وەرگیراوە



كۆمێنتی خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان ده‌ربرینی بیرورای خوێنه‌رانه ‌و سایته‌که‌مان به‌ر پرس نیه‌ له‌و كۆمێنتانه‌

ناو:

ئیمه‌یل:

کۆمێنت:

دیمانه‌
‌ حسەین یەزدانپەنا: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکووک تەواوکەری هەنگاوەکانی پێشمەرگەیە
‌ یەزدانپەنا: نابێ هیچ حزبێك سەروەریی پارچەیەكی تری كوردستان پێشێل بكات
بابه‌ت
زۆرینەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کام نەتەوە و پارێزگا پێک هاتون ؟
ناسر قازی
تەوشناسی ناسیۆنالیزمی کوردستانی
عەلی عەونی
داسەپاندنەوەی دووبارەی سایس- پیکۆ لەدژی کوردان
حەسەن ماوەرانی
لە کەوتنی حەلەب ، دەستکەوتەکانی هەریەک لە روسیا و ئێران و تورکیا چی بوون ؟
نیاز حاجی
پێناسەیەک لە مێژووی ئاڵای کوردستان
بەهمەن کاک عەبدوڵلا
کۆمه‌ڵایه‌تی
  • ژنان
  • منداڵان
  • قوتابیان و لاوان
  • ژینگه‌
ئاخاوتن
کوردستان24: دەقی وتەکانی حسەین یەزدانپەنا فەرماندەی گشتی هێزەکانی PAK بەبۆنەی 71 کۆماری کوردستان ‌
زۆرترین خوێنراو
  • 24 کاتژمێر
  • هه‌فته‌یه‌ک
  • مانگێک
سه‌رەتا ئاخاوتن بابەت دیدار بۆ کوردستان مافی مرۆڤ دیمانه‌ کۆنگرەی یه‌ک په‌یوەندی دەربارە ئەرشیف
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان 2012