ئاخاوتن
کۆماری کوردستان لە خوێندنەوەی باو و دژە باودا
4/4/2013
PAZADIK: رۆژی چوارشەممە 7 خاکەلێوەی 2713 رێکەوتی 27 مارسی 2013، بە ناو نیشانی "11مانگ و 20 رۆژ بەختەوەریی" کە پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی، دوو لێکۆڵینەوە و فیلمێكی دۆكیۆمێنته‌ریی لەخۆگرتبوو، لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە لە شاری سلێمانی، بۆ ماوەی دوو رۆژ ە ژێر چاودێریی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی یەکی سلێمانی، رێوڕەسمێک، بەبۆنەی 66 هەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد، بەڕێوەچوو. کاتژمێر 15:00 رۆژی دووهەمی رێوڕەسمەکە ، بەڕێز حسین یەزدانپەنا جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان، لێکۆڵینەوەیەکی لە ژێر ناونیشتانی " کۆماری کوردستان لە خوێندنەوەی باو و دژە باودا" پێشکەشکرد کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

 

" ئەوەی دەمەوێ لەم دەرفەتە کەمەدا پێشکەشی بکەم، تەنیا تەرکیزە لەسەر چییەتی و ناوەڕۆکی کۆماری کوردستان. بەلامەوە گرینگە باس لەوە بکەم کە کۆماری کوردستان چی بوو. لە پێشدا و بەر لەوەی بچمە سەر ئەو باسە، بە پرسیارێک دەسپێدەکەم کە بۆچی ئاوڕدانەوە لە مێژوو گرینگە؟. لەبەر ئەوەی لەسەردەمی ئێستادا کە بە هێندێک خوێندنەوە و تەعبیر بە سەردەمی "ناسنامە"دەناسرێ، بۆ ئێمەی کورد لە دوو روانگەوە گرینگە باس لە ناسنامەی خۆمان بکەین. بەشێک لە ناسنامەی ئێمە تاریخ و رووداوەکان پێکی دەهێنێ. مێژووی هەر میللەتێک کۆمەڵێک هەوراز و نشێوی تێدایە کە ئەو هەوراز و نشێو و رووداوانە دەبنە یەکێک لە توخمەکانی ناسنامە یان "Identity" ئەو نەتەوەیە.

 کۆماری کوردستان یەکێکە لەو رووداوە گەورە و مێژووییانەیە کە دەتوانێ لە خانەی پرسی ناسنامەدا بیخوێندرێتەوە. ئێمە لە رابردوودا{ پێویستمان بووە} و ئێستاش پێویستیمان بە سەلماندنی ناسنامەی خۆمان هەیە، بە دوو رووکاردا. یەکیان بەرانبەر ئەوانەی کە حاشایان لە بوونی ئێمە کردووە. ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانە، ئەو هەموو خوێن و قوربانیدانە لە راستیدا بۆ پاراستنی ئەو ناسنامەیە بووە،{ واتە} ناسنامەی کورد بوون.  لەم سەردەمەدا کە بە سەردەمی بەجیهانیبوون دەناسرێ و جیهانیبوون لە هەموو رەهەندەکانی کلتوری و ئابووری و سیاسی و رەفتاری  لە هەرسێ ئاستەکانی تاک و کۆمەڵگا و دەوڵەتدا کاریگەریی خۆی داناوە، کورد بۆ ئەوەی نەتوێتەوە لەم بەجیهانیبوونەدا ، دەبێ شتی خۆی پێ بێ. یەکێ لەو شتانە مێژووەکەمان و رووداوە گرینگەکانی مێژووەکەمانە.

دێمە سەر باسەکە

خوێندنەوەی باو چییە لەسەر کۆماری کوردستان؟ خوێندنەوەی باو کە لە کتێبەکاندا، لە دەربڕینەکاندا و لە بیرەوەرییەکاندا لەسەر کۆماری کوردستان هەیە، ئەوەیە کۆماری کوردستان قەوارەیەک بووە لە چوارچێوەی ئێراندا، ناوڕۆکی ئەو چوارچێوەیە ئۆتۆنۆمی یان خودموختاری بووە، کورد نە ویستویەتی جیا ببێتەوە و نە جیابووەتەوە، ئەو کۆمارە ئەو پەڕی ویستەکەی لە چوارچێوەی ویستێکی دیمۆکراتیانەدا  و لە چوارچێوەی ئەو قانوونەدا بووە کە لە ئێران پێیان دەگوت قانوونی ئەیالەتی ولایەتی.

ئەوەی باسمکرد ئەو خوێندنە باوەیە کە لەسەر کۆماری کوردستان هەیە و دەتوانم بڵێم زۆربەی ئەو کتێبانەی لەسەری نووسراوە و زۆربەی مێشکی ئینسانی کورد بەتایبەت جیلی بەر لە ئێمە، ئاوا بووە لەسەر کۆماری کوردستان. لە حاڵێکدا دیکۆمێنتەکان، بەڵگەکان، سیمبۆلەکان، هەمووی پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنن. کۆماری کوردستان قەوارەیەک کە بە تێرمێنۆلۆژیی نوێ وهاوچەرخ پێی دەڵێن "دەوڵەتی مۆدێڕنی نەتەوەیی". ئەو دەوڵەتەی لە 1648 زاینیەوە بە پێی رێککەوتننامەی ڤێستڤالیا هاتنە دنیای بوونەوە. واتە یەکگرتنی کلتور و حاکمیەتی سیاسیی لەسەر جوغرافیایەکی دیاریکراو.

بۆ سەلماندنی ئەم راستییە، چاو بە کۆمەڵێک شت دا دەخشێنینەوە. یەکەم شت با لە رووی ناوەکەیەوە باس بکەین. ئەو قەوارەیە بە چەند ناوێک ناوبراو لە نووسراوەکاندا یان لە قسەکانی ئەو سەردەمدا ، بەڵام زیاترین دەستەواژەیەک کە بۆ بەکارهاتبێ جمهووریی کوردستان، جمهووریەتی کوردستان و دەوڵەتی جمهووریی کوردستان بووە. بۆ وێنە لەسەر ئاڕمی یان تابلۆی وەزارەتی رۆشنبیری کە ئەو سەردەم بە وەزارەتی فەرهەنگ ناودێریان کردووە نووسراوە "دەوڵەتی جمهووریی کوردستان" لە خوارەوەشی نووسراوە "وەزارەتی فەرهەنگ". لە رووی قەوارەوە ئەو دەوڵەتە سەرۆکی هەبووە، واتە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی هەبووە: سەرۆک کۆمار جەنابی پێشەوا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەبووە، هەموو قەوارە و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەبووە. ئەو هێما و سیبمۆلانە کە بۆ هەر دەوڵەتێک زۆر گرینگە، وەکوو ئاڵا، وەکوو سروودی نەتەوایەتی، وەکوو زمانی رەسمی، کە ئاڵمانییەکان ئەوەندە زمانیان بەلاوە گرینگە کە لە فیکری ئاڵمانیدا زمان یەکسانە لەگەڵ نەتەوەبوون. واتە بۆ ئەوەی نەتەوەیەک بناسی بەسە کە زبانێکی جیاوازی هەبێ. ئەڕتەشی هەبووە کۆماری کوردستان. پێوەندیی دەرەوەی هەبووە. ئابووریی خۆی هەبووە، تەنیا شتێک کە نەبووە و فریانەکەوتووە لەو بارانەوە پارە بووە، کە خۆی پارەی لێنەداوە.

 جاری وایە بۆ خوێندنەوەی رووداوێک رستەیەک بەسە. بۆ ئەوەی بتوانی رووداوێک بخوێنیەوە، یەک رستە بەسە. یان بە تەئویل وەکوو لە ئایینیشدا هەیە، یان بە هێرمێنۆتیک، کە بتوانی بزانی پەیامی ئەو رستەیە چییە.

ئێمە لە کۆماری کوردستاندا نەک رستەیەک، چەندەها دیکۆمێنتمان هەیە، وتەمان هەیە، نووسراوەمان هەیە کە دەیسەلمێنێ خوێندنەوەی باو لەسەر کۆماری کوردستان راست نییە. کۆماری کوردستان نە قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمی بووە، نە لە نێو ئێراندا بووە، نە هیچ پێوەندییەکی بە دەوڵەتی تارانەوە ماوە. لەو بەڵگە هەرە گرینگانە نوتقی جەنابی پێشەوایە لە رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا. کلیلی دەستەواژەکانی ئەو نوتقەی جەنابی پێشەوا حاکمییەت و دەسەڵات و حوکمڕانیی کوردە. پێشەوا بە پێناسەی کوردستان دەسپێدەکا. دەڵێت جوغرافیایەکی پێکەوە بەستراوە، هیچ کەسمان لە بەیندا نییە. ئاوڕ لە مێژووی کورد دەداتەوە کە نەک کورد لە یەک پارچەی کوردستان، بەڵکوو نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کوردستانی گەورەدا. باسی میرنشینەکانی کورد دەکا لە هەر کوێ کە بووبێ. باس لە بابان و سۆران و ئەردەڵان دەکا. دەڵێ کورد لە رابردوودا ئەوانەی هەبووە، میرنشینی هەبووە، حکومەتی هەبووە، خۆی خۆی بەڕێوەبردووە، خاوەنی دەوڵەت بووە، پاشان دەگێڕیتەوە و دەڵێ هەرکامێک لەوانە کە کەوتووە جارێکی تر کورد خەباتی بۆ سەربەخۆیی و هەستاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە نەتەوەییە کردووە. لە تەواوی فەرمایشتەکانی پێشەوادا یەک وشە باسی ئێرانی تێدا نییە. یەک وشە باسی ئەوەی تێدا نییە بڵێ ئێمە لە چوارچێوەی ئێران دەمێنینەوە، ئێمە لە چوارچێوەی ئێران خەبات دەکەین، ئێمە بۆ دیمۆکراسی لە نێو ئێراندا خەبات دەکەین، ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ تاران ئاوا رێکدەخەین. بۆیە وتەکانی پێشەوا تەعبیر بوو لە نەتەوەیەکی بندەستی بێدەوڵەت کە  خۆی جیاکردبووە و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبوو. ئەوە لە توتقی رۆژی دووی رێبەنداندا.

هەر لەو رۆژەدا سەروەرییەکی دیکەی بۆ کورد تۆمار کرد پێشەوا. ئەویش سوێندە مێژووییەکەیەتی. دەفەرمووێ " ئەمن بە خودا، بەکەلامی عەزیمی خودا، تا دوا هەناسە و تنۆکی خوێنم پارێزەری استقلال و ئازادیی کوردستان و راگرتنی ئاڵای کوردستان دەبم". ئێمە هەموومان دەزانین لە عورفی سیاسییدا لە دنیادا سوێندنی یاسایی سەرۆکەکان چەند بە بایەخە. لەم سوێندەی پێشەوادا کام وشەی تێدایە باس لە مانەوەی ئەو قەوارەیە لە نێو ئێراندا بکا؟ یەک وشەی تێدا نییە. بە پێچەوانەوە پێشەوایەکی خوێندەوار کە بەر لە سەرۆک کۆمار بوونی، لەقەبی پێشەوای پێدراوە، پێشەوایەک کە کتێبخانەکەی(کە ئێمە زیارەتمان کرد) زیاد لە 2500 نوسخە کتێبی جۆراوجۆری بە زمانی جۆراوجۆر هەبووە، تۆ بڵێی نەیزانیبێ لە نێوان ئۆتۆنۆمی  و سەربەخۆییدا چەندە جیاوازیی هەیە؟.

وتەیەکی بەنرخی دیکەی پێشەوا لەسەر پێناسەکردنی کۆماری کوردستان هەیە. پێشەوا باس لەوە دەکا کە لەگەڵ تاران لە پێشدا گفتوگۆی کردووە، دروست بەوجۆرەی کە فەرموویەتی دەیخوێنمەوە " ئەوڕۆ کە ئەمە ئیستیقلالمان دەوێ پێویستە هەموو کارێک خۆمان جێبەجێی بکەین، ئەوەڵێ ئیدیعای خۆمان کرد کە لە حدودی دەوڵەتی ئێراندا خودموختاریمان دەوێ، ئێران ئیحتیاجی ئێمە رەفع بکا و میللەت کارێک بکا". کەواتە ئەوە ئیدیعای ئەوەڵێیە. درێژە دەدا و دەفەرمووێ "دوو دەفعە لە لایان ئازەربایجانەوە بۆ تەورێزیان بانگ کردم، لە ئازەربایجان گرێمان هەبێ، ئەمن پێشنیهادی وانم قبوڵ نەکرد چون میللەتی کورد چوار ساڵە کە خودموختارە". لێرەدا پێشەوا دوو قۆناخ دەسنیشان دەکا: قۆناخی خودموختاری و قۆناخی استقلال. دەفەرمێ  " کورد چوارساڵە کە خودموختارە و داوای ئیستیقلال و داوای تێکخستنەوەی تەواوی خاکی کوردستان دەکا، زۆرم پێ گران بوو کە لەو حەقەی دەست هەڵبگیرێ  و ئیحساساتی ئێوە مانعی ئەوەی بوو کە ئێمە بە خودموختاری رازی بین، چونکە مودەی ئەو چەند رۆژەی کە جێژن گیراوە، ئێحساساتێ کە ئێوە نواندوتانە وێنەیەکی حەساس و کامیلە و دەبێ دونیا بزانێ کە کورد لیاقەتی ئیستیقلال و سەربەخۆیی هەیە".

  کەواتە پێشەوا باش زانیویە چی دەکا، دوو قۆناخ هەبووە لە ژیانی ئەو میللەتەدا لەو سەردەمەدا، قۆناخی چوارساڵەی یەکەم خودموختارییە کە دەفەرمووی حەولماندا لەگەڵ ئێران لە نێو سنووری ئێراندا بین، بەڵام دواتر لە لایەکەوە ئێران ویستەکانی ئێمەی جێبەجێ نەکرد، لە لایەکەوە قسەی ئازەرییەکان رەت دەکاتەوە کە لە نێو قەوارەیەکی سیاسیی ئازەربایجاندا بین و "پاشان هەستی ئێوە، پشتگیریی ئێوە" بە میللەتی خۆی دەڵێ وای کرد کە ئێمە ئیستیقلالی تەواوی خۆمان رابگەیەنین.

زۆربەی بەڕێزتان دەزانن کە لە بیری سیاسیدا چەمکی سەروەریی واتە حاکمییەت چەند گرینگە، کە ئەمە زانای فەرەنسی "جان بۆدان" داهێنەری ئەم چەمکەیە و پێناسەی کردووە کە سەروەریی دەسەڵاتێکە کە هیچ دەسەڵاتێکی تری لەسەرەوە نییە و ملکەچی هیچ دەسەڵاتێکی دیکە نییە. ئەمەش لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە. لە کۆماری کوردستاندا قەوارەی کۆماری کوردستان، ملکەچی هیچ دەسەڵات و ناوەندێکی بەرزتر لە خۆی نەبوو. ئەوە تەنیا کۆمار خۆی بوو بڕیاری خۆی دەدا. ئەمەش تەنیا وەکوو عەرزم کردن لە تایبەتمەنییەکانی دەوڵەتە.[1]

   باسم لە سیمبۆلەکان کرد، ئاڵا، سروودی نەتەوایەتی، زمان، ئەڕتەش و پێوەندیی دەرەوە و مەجلیسێک کە قەرار وابوو بەپێی بڕیاری رۆژی دوو رێبەندان{ هەڵبژاردنی بۆ بکرێ}. رۆژی دووی رێبەندان بڕیارێک دەرچووە مادەی ئەوەڵی دەڵێ لەو شوێنانەی کوردی تێدا دەژی بە ئیستیقلالی تەواو بگا، لە مادەیەکی دیکەیدا باس لەوە دەکا مەجلیسی شوورا هەرچی زووتر انتخاباتی بۆ بکرێ.

  بەرانبەر بەم شتانە رەنگە هێندێک قسە هەبێ، دەگوترێ وەختێ کە پێشەوا باسی سەربەخۆیی کردووە، مەبەستی سەربەخۆیی لە ئازەربایجان بووە. ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە. دەقی وتەی پێشەوا من باسم کرد، پێشەوا لە یەک وتەدا باس لە تارانیش دەکا و باس لە ئازەربایجانیش دەکا. بەڵام بەرانبەر بە هەردووکیشیان ئیستیقلالی خۆی راگەیاندووە. لە لایەکی دیکەوە نابێ وابێ لەبەر ئەوەی خۆ داگیرکەری کوردستان ئازەری و ئازەربایجان نەبووە، داگیرکەری کوردستان تەورێز نەبووە، داگیرکەری کوردستان تاران بووە و سیمبۆلی ئەو دەسەڵاتە محەمەد رەزاشای پەهلەوی بووە. بۆیە لە هەر کوێ باس لە ئیستیقلال کراوە، ئیستیقلال لە تاران مەبەست بووە.

  بەمجۆرە دەسەلمێ کە کۆماری کوردستان قەوارەیەکی سەربەخۆ بووە، بەپێچەوانەی خوێندنەوەی باو. دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە، بەدەر لە چوارچێوەی سیاسیی ئێران بووە و تەنانەت دەتوانم ئیدیعا بکەم کە تەنیا دەوڵەتی کورد رۆژهەڵات نەبووە. بوونی کوردی پارچەکانی دیکە لەو قەوارەیەدا و پێدانی پلەی ژێنێڕاڵی بە مەلا مستەفا بارزانی نەمر و بەشداریی تێکۆشەرانی هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان دەریدەخا کە ئەو قەوارەیە نەک ئێرانی نەبووە بەڵکوو تایبەت بە پارچەیەکی کوردستانیش نەبووە و دەوڵەتی هەموو نەتەوەی کورد بووە.

سڵاو لە رۆحی گەورەی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرێنەری دەوڵەتی جمهووریی کوردستان.

 سڵاو لەو مێشک و قەڵەم و بیر و هێزەی لە پێناو دامەزراندنەوەی ئەو دەوڵەتەدا خەبات دەکا. ئێوەش هەر شاد و سەرکەوتوو بن."





[1] بڕوانە، ئەیوبزادە، ئەیوب، لە ژێکافەوە بۆ کۆمار، فەسڵی دەیەم.



كۆمێنتی خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان ده‌ربرینی بیرورای خوێنه‌رانه ‌و سایته‌که‌مان به‌ر پرس نیه‌ له‌و كۆمێنتانه‌

ناو:

ئیمه‌یل:

کۆمێنت:

دیمانه‌
‌ حسەین یەزدانپەنا: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکووک تەواوکەری هەنگاوەکانی پێشمەرگەیە
‌ یەزدانپەنا: نابێ هیچ حزبێك سەروەریی پارچەیەكی تری كوردستان پێشێل بكات
بابه‌ت
زۆرینەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کام نەتەوە و پارێزگا پێک هاتون ؟
ناسر قازی
تەوشناسی ناسیۆنالیزمی کوردستانی
عەلی عەونی
داسەپاندنەوەی دووبارەی سایس- پیکۆ لەدژی کوردان
حەسەن ماوەرانی
لە کەوتنی حەلەب ، دەستکەوتەکانی هەریەک لە روسیا و ئێران و تورکیا چی بوون ؟
نیاز حاجی
پێناسەیەک لە مێژووی ئاڵای کوردستان
بەهمەن کاک عەبدوڵلا
کۆمه‌ڵایه‌تی
  • ژنان
  • منداڵان
  • قوتابیان و لاوان
  • ژینگه‌
ئاخاوتن
کوردستان24: دەقی وتەکانی حسەین یەزدانپەنا فەرماندەی گشتی هێزەکانی PAK بەبۆنەی 71 کۆماری کوردستان ‌
زۆرترین خوێنراو
  • 24 کاتژمێر
  • هه‌فته‌یه‌ک
  • مانگێک
سه‌رەتا ئاخاوتن بابەت دیدار بۆ کوردستان مافی مرۆڤ دیمانه‌ کۆنگرەی یه‌ک په‌یوەندی دەربارە ئەرشیف
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان 2012