وتاری PAK بۆ کۆنگرەی ڕاوێژی نەتەوەیی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد
24/4/2014
PAZADIK: رۆژی شەممە 19 ئاپریلی 2014، لە وڵاتی سوئێد کۆنگرەی ڕاوێژی نەتەوەیی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە لایان کۆنگرەی نەتەوەیی کوردەوە رێکخراوبوو، بەڕێوەچوو و تێیدا هەڤاڵ پۆڵا نانەوازادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی PAK، وتاری پارتی ئازادیی کوردستان لەوبارەیەوە پێشکەشکرد، کە ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەیە:
وتاری پارتی ئازادیی کوردستان بۆ کۆنگرەی ڕاوێژی نەتەوەیی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کوردستان، یه‌که‌م جار پاش شه‌ڕی چاڵدران له ساڵی ١٥١٤ی زایینیی، ده نێوان دوو ئیمپڕاتووری سه‌فه‌ویی و عوسمانیی دا، دابه‌ش کرا. ئەم ساڵ ڕێک ده‌بێته پێنسه‌ت ساڵ، که کوردستان دابه‌ش کراوه. پاش شه‌ری یه‌که‌می جیهانی، ساڵی ١٩٢٣ زلهێزه‌کان له نێو خۆیان دا سازان و به پێی ڕێککه‌وتننامه‌ی لۆزان، ئه‌و به‌شه کوردستانه‌ی که که‌وتبوه ژێرده‌ستی ئیمپڕاتووری عوسمانیی، دابه‌شیان کرد به سه‌ر سێ وڵاتی تازه ساز کراوی عێراق و سووریا و تورکیا دا و کوردستان بوو به چوار به‌ش، ئه‌وه‌ی ئیستا هه‌یه و ده‌یبینین. کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی دێرینه و به هه‌زاران ساڵ، له‌م ناوچه شاخاویانه دا ژیاوه که ئێستا لێی ده‌ژی. بۆیه‌ش که‌وتۆته سه‌ر ئه‌م شاخانه، چونکه به درێژایی مێژوو، له لایه‌ن داگیرکه‌ر و تاڵانکه‌ر و پاوانخوازانه‌وه، هێرشی کراوه‌ته سه‌ر و کوردیش، بۆ خۆپاراستن، پاڵی وه چیاکانی زاگرۆسەوە داوه که بۆی ببێته پشت و په‌نا. ئاکامی په‌لاماری داگیرکه‌ران و هه‌ڵات هه‌لاتی کورده‌کان، بۆته ئه‌وه که، شوێنه خۆش و قه‌راخ ده‌ریاکان، که‌وتوونەتە ده‌ست داگیرکه‌ر و چیاکانیش بوونه ماڵی کورده‌کان، ده‌نا به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌کانی وه‌ک شه‌ره‌فنامه‌ی شه‌ره‌فخانی بدلیسی، له سه‌ره‌تا دا سنووری کوردستان له سێ لای باکوور و باشوور و ڕۆژئاواوه، له سه‌ر ده‌ریا بووه. داگیرکه‌ر، چیاکانیشییان به کورد ڕه‌وا نه‌دیوه و له حه‌ولی په‌ره پێدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان دا، ویستوویانه، له‌وێشی ڕاو بنێن. هۆی ئه‌م کاره، له سه‌ره‌تا دا، ئاو و هه‌وای خۆشی کوردستان بووە کە ٢٨ لەسەتی خاکی کوردستان بۆ ئەوەی بووە کە کشتووکاڵی لێ بکرێ و ئەم نیسبەتە لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە. له‌وه‌ڕی چاکی هەبووە بۆ ئاژەڵداری. ئاوەدان و سەرسەوز و جوان بووە و پڕ بووە لە کانیاو و چۆم و ڕووباری پڕ لە ئاو. پاشان که نه‌وت دۆزڕاوه و زانیان کوردستان سه‌رچاوه‌ی زێڕی ڕه‌شه، ئیتر مه‌سه‌له‌که گۆڕا و ئه‌وجار وڵاتە زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و بریتانیا و فەرانسە و ئاڵمان و ئەوانی تریش چاوی تەماحیان بڕێ کوردستان و ئیتر داگیرکەرانی کوردستان هێندەی دیکە هرووژان و بە هەموویان خه‌ریک بوون، هه‌ر ئاسه‌واری کورد له‌م ناوچه‌یه دا نه‌هێڵن، که به هه‌زاران ساڵ تێیدا ژیابوو. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه، له هه‌موو شێوه‌یه‌کی سه‌رکوت و قه‌ڵاچۆکردن که‌ڵکیان وه‌رگرت. به شه‌مشیر و گورز و مه‌تاڵ ده‌ستیان پێ‌کرد، به فیشه‌ک و بۆمب و فرۆکه درێژه‌یان دا. شار و گوندیان وێران کرد. لێڕه‌واریان سووتاند. ئه‌نفالیان کرد. شیمیاییان لێدا. چه‌کی له‌یزه‌رییان له‌سه‌ر تاقی کرده‌وه. کۆچیان پێ کرد. زمان و جل و به‌رگییان قه‌ده‌غه کرد. حه‌ولی گورینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان دا. میژوویان لێ چه‌واشه کرد. فێڵی سیاسی‌یان لێکرد. تیرۆریان کرد. له‌سیداره‌یان دا. له شه‌قام و کۆڵان به چاو به‌ستراویی تیره‌بارانیان کرد. له ته‌عه‌ریب و تورکاندن و به ئێرانیی کردنیشی خافڵ نه‌بوون. ئه‌و ژنۆساید و قه‌ڵاچۆکردن و پاکتاوی نه‌ژادییه، له ماوه‌ی ئه‌م پێنسه‌ت ساڵه دا نه‌بڕاوه‌ته‌وه و به شیوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌ی هه‌بووه و به‌داخه‌وه ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاشتی خواز و هێمن بووه و زیاتر له بیر ژیانی ئاسایی خۆی دابووه، هه‌تا ده‌ست به‌سه‌ر خاکی ئه‌م و ئه‌و داگرتن. به‌ڵام له په‌نا ئه‌وه‌ش دا، ئازا و خۆڕاگر و کۆڵنه‌ده‌ر بووه، هه‌ر بۆیه‌ش ماوه و له‌ناو نه‌چووه و له‌ناویش ناچێ. له کۆتاییی سه‌ده‌ی هه‌ژده و ده‌ستپێکی سه‌ده‌ی نۆزده ڕا، که سه‌رده‌میی میژوویی ئیمپڕاتوورییه‌کان کۆتایی هات، چەمکی دەوڵەت- نەتەوە هاته گۆڕ و نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کانی ئورووپا، ده‌ستیان کرد به خه‌بات بۆ رزگاری و پێکهێنانی وڵاتی سه‌ربه‌خۆ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و کیانی تایبه‌ت به خۆیان و کوردیش هەر لەو کاتەوە واتە له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌ستی پێ کرد و له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، که به سه‌ده‌ی ئازادیی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان به‌ناوبانگه، خەباتەکەی په‌ره‌ی ئه‌ستاند. نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆ ئه‌وه‌ی له‌م کاروانه به‌جێ نه‌مێنێ، وه‌ک زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی جیهان، بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد حه‌ولی دا. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه، چه‌ند حیزبی سه‌ربه‌خۆیی خواز، له کوردستان پێک هاتن. له‌وانه کۆمه‌ڵه‌ی خۆییبوون لە باکووری کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی هیوا لە باشووری کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش حیزبی ئازادی کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی سەردەمی پێشەوا کە ئامانجی سه‌ره‌کی هەموویان، ڕزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستانی گه‌وره بوو که هه‌موو میلله‌تی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له ژێر سایه‌ی دا بحه‌سێته‌وه و به ئازادیی و سه‌ربه‌ستیی بگا. هه‌موو ئه‌و حیزبانه، کوردایه‌تییان ده‌کرد، هه‌موو باوه‌ڕیان به سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌بوو، خۆیان به کورد ده‌زانی، سنوورێکیان له نێوان خۆیان دا نه‌ده‌دیت و خۆیان به خه‌ڵکی وڵاته داگیرکه‌ره‌کانیان، نه‌ده‌زانی. به هه‌زاران کورد له شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌کانی شار و گونده‌کانی ئه‌م خاکه داگیر کراوه دا، له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، به دروشمی بژی ئازادیی و بژی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، له سێداره دراون و گیانیان داناوه. دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی و هاتنی ئه‌رته‌شی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت و ئینگلیس بۆ نێو خاکی ئێران، ده‌رگای پارڵمانی ئێران له تاران، بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێک هه‌ر به ته‌واوی داخرا و ده‌سته‌ڵاتێک له تاران دا نه‌ما. حیزبی سیاسی هه‌ڵسووڕی ئه‌وکاتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف بوو، که بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ، کاروباری کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی، زۆر چاکتر له تاران، بۆخۆی به‌ڕێوه به‌رد و پیشه‌وا قازی، ئه‌م چوار ساڵه‌ی به خودموختاری پێناسه کردووه. کۆمه‌له‌ی ژێکاف، له کرماشانه‌وه، هه‌تا سوله‌یمانی، له مه‌هاباده‌وه هه‌تا هه‌ولێر، له دیاربه‌کره‌وه هه‌تا موسڵ و خانه‌قین و که‌رکووک، ئه‌ندامی هه‌بوو. حیزبه کورده‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، سه‌ره‌ڕای گیروگرفتی زۆری ئه‌وکاتی بواریی پێوه‌ندیی گرتن و هاتوچۆ، دیسانیش هاوکاریی نیزیک و پته‌ویان به یه‌که‌وه هه‌بوو. له‌م ماوه‌یه دا که کورد، بۆخۆی خۆی به‌ڕێوه ده‌برد، پێشه‌وا قازی، زۆری حه‌ول دا، بۆ چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران دا و ویستی که به جۆرێک، له‌گه‌ڵ تاران بسازێت، له‌گه‌ڵیان دانیشت، وتوووێژی له‌گه‌ڵ کردن، به‌ڵام ئاخری به‌م ئاکامه گه‌یشت، که وه‌ده‌ست هێنانی مافی کورد، له چوارچێوه‌ی دەوڵەتی داگیرکه‌ری ئێران دا، ئیمکانی نییه، هه‌ر بۆیه‌ش، له بڕیارێکی ژیرانه‌ی مێژوویی دا، له ڕۆژی دووی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٩٤٦ی زایینی، سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستانی ڕاگه‌یاند. به‌داخه‌وه، ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان، پاش یازده مانگ، که‌وته به‌ر دۆخێکی سه‌خت و دژواری گه‌مه‌ی نیوده‌وڵه‌تیی زلهێزه‌کان و یه‌کییه‌تی سۆڤیه‌ت به وه‌رگرتنی وه‌عده‌ی ئیمتیازی نه‌وتی باکووری ئێران، که قه‌تیش پێی نه‌گه‌یشت، پشتی له کورد کرد و کۆماره ساواکه‌ی کوردستان ڕووخا و به‌شێک له رێبه‌ره‌کانی، له‌وانه پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، له سێداره دران. نه‌ته‌وه‌ی کورد، سه‌ره‌ڕای فیداکاریی و حه‌ول و تێکۆشانی بێ وچانی ڕۆڵه‌کانی، به‌داخه‌وه هه‌روا ژێرده‌ست ماوه‌ته‌وه و ئێستا ئیتر یه‌کێک له گه‌وره‌ترین و کۆنترین نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌کانی جیهانه. یه‌کێک له هۆیه هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتن و به‌جێمانی کورد، له کاروانی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌کان، جگه له پاوانخوازی زلهێزه‌کان و تاوانی داگیرکه‌ران، ئه‌وه بووه که، له ماوه‌ی چل په‌نجا ساڵی ڕابردوودا، ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات ته‌سلیمی واقعی دابه‌ش بوون و داگیرکرانی کوردستان بووین و فریوی سیاسه‌ت و ئیدئۆلۆژی چەپی نەتەوەی سەردەستمان خواردووە و ئیستقلال و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان‌مان له بیر خۆمان بردۆته‌وه و نه‌مانویستووه و باسمان نه‌کردووه و وه‌ک خه‌ونی شاعیرانه و هه‌ڵێنانی به‌ردی گه‌وره ناومان بردووه. هه‌ر کات باس له‌م مافه ره‌وایه‌ی کورد کراوه، به‌هانه‌مان هێناوه‌ته‌وه که نابێ و ناکرێ و جێبه‌جێ نابێ و ناگونجێ و له ئاکام دا پرسه‌که هه‌روا ماوه‌ته‌وه و نەمانتوانییوه به‌م ئاواتە له‌مێژینه‌ی خۆمان بگەین. لە ڕاستییدا به‌شیک له هۆی سه‌رنه‌که‌وتنمان، ئه‌و خاڵه گرینگه بووه، چونکه که‌س نایه سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستان‌مان دوو ده‌ستی پێشکه‌ش بکا، ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌مانه‌وێ و داوای نه‌که‌ین و خه‌باتی بۆ نه‌که‌ین. ئێران، به دریژایی مێژوو له حه‌ولی ئه‌وه دابووه، کە به سه‌رکوتی نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ورووبه‌ری خۆی، سنووری ده‌سته‌ڵاتی ئێران په‌ره پێ بدا. ئه‌و بیرە، به‌داخه‌وه نه‌ک هه‌ر ماوە و له ناو نه‌چووه، به‌ڵکوو په‌ره‌شی ئه‌ستاندووه. لای ئه‌وان ته‌مامییه‌تی ئه‌رزی ئێران، ئه‌و خاکه‌ی کە به زۆری کوشتار و قه‌ڵاچۆ کردن، له نه‌ته‌وه‌کانی کورد، ئازه‌ری، تورکمه‌ن، به‌لووچ و عه‌ره‌بیان داگیر کردووه، بۆیان بۆته گه‌وهه‌ری شه‌وچرا و ئایه‌ی قورئان و شتێکی نه‌گۆڕ و ئه‌به‌دیی. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری رووناک‌بیر و سیاسی ئێرانی، چ ده‌سته‌ڵات دار و چ ئۆپۆزیسیون، کاتێک باس له کورد و مافه‌کانی ده‌کرێ، به تایبه‌ت مافی دیاریکردنی چاره‌نووس، بۆ دژایه‌تی کردنی کورد، پاڵ وێک ده‌ده‌ن و مه‌لا و کومۆنیست، ئاماده‌ن به دژی میلله‌تی کورد، بچن ده سه‌نگه‌رێکه‌وه. زۆر له‌و ئێرانیانه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌ژین و خۆیان به ئازادییخواز، مارکسیست، کۆمۆنیست و پێشکه‌وتنخواز ده‌زانن و له دژی کۆماری ئیسلامی ئێران خه‌بات ده‌که‌ن، ڕایانگه‌یاندووه که ئه‌گه‌ر ڕۆژێک، کورد بیه‌وێ له ئیران جودا بێته‌وه، ده‌چنه‌وه پاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و له دژی کورد چه‌ک هه‌ڵده‌گرن. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و له‌سێداره درانی پێشه‌وا، چەپی نەتەوەی باڵادەست له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له پێناو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران و سۆڤییه‌ت و به مه‌به‌ستیی به لاڕێدا بردنی پرسی کورد و سڕینه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانی بیری سه‌ربه‌خۆیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، چەپ و ڕووناکبیریی کوردی هەڵخەڵەتاند و ده زاری ئەوانی هاویشتبوو، که " ئه‌گه‌رچی مافی دیاری کردنیی چاره‌نووس، مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌که، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ی وه‌ک ئیمپریالیزمی جیهانی، هه‌ڕه‌شه له پرۆلیتاریا و گه‌لانی بن ده‌ستی جیهان ده‌کا، باشتر وایه نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان و له‌وانه نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌به‌ر قازانجی پرۆلیتاریای جیهانیی و ئوردوگای سۆسیالیزم، واز له قازانجی خۆیان بێنن و له‌گه‌ڵ چینی کرێکاری نەتەوەی سەردەست ڕێک بکه‌ون و حه‌ول بده‌ن بۆ دابین کردنی دێمۆکراسی و دێمۆکراتیزه کردنی ئەو دەوڵەتەی پێوەی لکێندراون. ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر ئیمپریالیزم بڕووخێ، سه‌رمایه‌داری نامێنێ، پرۆلیتاریا سه‌رده‌که‌وی، دێمۆکراسی داده‌مه‌زرێ، مافی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان ده‌درێ، کرێکار و زه‌حمه‌تکێش به مافی خۆیان ده‌گه‌ن، کۆیله‌تی نامێنێ، دیلیی له ناو ده‌چێ و دنیا ده‌بێته به‌هه‌شت. چەپی نەتەوەی باڵادەست لە ئێران و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی پاوانخوازی فارس به‌یه‌که‌وه، بۆ بره‌ودانی ئەم تێئۆرییە، دەیانگوت: یه‌که‌م ئه‌وه که کورد ئێرانییه و له‌گه‌ڵ ئێرانه و ئێران وڵاتی خۆیه‌تی و نابێ له ئێران جودا بێته‌وه. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که، به زه‌ره‌ری کورده له ئێران جودا بێته‌وه وکوردستانێکی ئاوا فه‌قیر و دواکه‌وتوو چۆن ده‌توانی خۆی به‌رێوه به‌رێ؟ سێهه‌م ئه‌وه‌ی که کورد له بنه‌ره‌ت ڕا ئێرانییه و ته‌نانه‌ت کوردی پارچه‌کانی تریش، ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌ش وڵاتی دایک واته ئێران. زۆر زیره‌کانه ده‌یانه‌ویست، دە مێشکمانی باوێن که ئێمه، به هۆی هه‌ستان و دانیشتن له‌گه‌ڵ فارس و ئێرانی، گۆڕدراوین و له‌گه‌ڵ کورده‌کانی دیکه جیاوازین. له نێو ئه‌و کوردانه دا که بیری نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بوو و حهولیی کوردایه‌تییان ده‌دا و ده‌یانه‌ویست بیروباوه‌ڕی زه‌مانی کۆماری کوردستان، واته بیری سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستان ببوژێننه‌وه، دووبه‌ره‌کیان دەناوە. به‌شێک لە کوردەکان پێیان وابوو، که کورد مافی خۆیه‌تی وڵاتی موسته‌قیللی خۆی هه‌بێ و کوردیان وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌ڕوانیی و هه‌ر به‌و جۆره‌ی که کوردی باشوور، وه‌ختیی خۆی هاتبوونه پاڵ کۆماری کوردستان و شه‌ڕیان کردبوو و شه‌هیدیان دابوو، ئه‌وانیش چووبوونه پاڵ شۆرشی کورد له باشووری کوردستان، وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی باشوور، دژی حکوومه‌تی داگیرکه‌ری عیراق شه‌ڕیان ده‌کرد و شه‌هیدیان ده‌دا و ئه‌وه له ڕاستییدا، له‌م روانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت که، کورد کورده و فه‌رق ناکا له کام شوێنی کوردستان خه‌بات ده‌کا بۆ ڕزگاری کوردستان. ئاڵا هه‌ڵگری ئه‌م بیره، بەداخەوە له زیندانی حکوومه‌تی به‌عسی عێراق دا، له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه شه‌هید کرا و که‌س ده‌نگی لێ نه‌بیسته‌وه و به هه‌ناسه ساردیی تێدا چوو. لەبەرامبەر ئەو دا بیری به ئێرانیی کردنی پرسی کورد سەرکەوت. به‌رنامه داڕێژرا بۆ دێمۆکراتیزه کردنی ئێران و چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران دا. دروشمی سه‌ره‌کی کوردی ڕۆژهەڵات، بوو به دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان و له ڕاستییدا بیری کوردستانیی و سه‌ربه‌خۆییخوازی زەمانی پێشەوا قازی محەمەد شکستی خوارد و بیری چەپی نەتەوەی سەردەست کە بیری ئێرانچییەتی و پاراستنی خاکی ئێران بوو سەرکەوت و بردیان دە مێشکی ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە که مه‌سه‌له‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێ له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا چاره‌سه‌ر بکرێ و دەبێ ئێران دێمۆکراتیزه بکه‌ین و که‌س له ئێمە ئێرانی‌تر نییە و باس لە تێکدانی سنوورەکانی ئێران بوو بە بڤە. ئه‌م بیره، هەمان بیری چەپی نەتەوەی سەردەستی ئێران بوو کە بەداخەوە لە ڕێگای پەروەردە کردن و ناردنی کادرە هەرە خوێندەوار و ڕووناکبیرەکانی کوردەوە بۆ نێو جووڵانەوەی کورد دایانسەپاند و ئێستاش داوێنی ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتی ته‌نیوه و به‌رمان نادا. چەپی نەتەوەی سەردەستی ئێران له راستی دا، له‌به‌ر قازانجی ئێران و یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، له بیری بردینه‌وه که ئێمه پرسێکی زۆر گه‌وره و گرینگمان هه‌ر وا به چاره‌سه‌ر نه‌کراوی ماوه‌ته‌وه و خاکه‌که‌مان داگیر و نه‌ته‌وه‌که‌مان دابه‌ش کراوه و میلله‌تێکی ژێر ده‌ستین و به بێ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی، ئێمه هه‌ر وا کۆیله و ده‌رجه دوو ده‌مێنینه‌وه. هەر ئەو بیر و سیاسەتەیە کە وا دەکا کە هێندێ لایەنی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە گەڵ هەر دژە کوردێک، تەنانەت کوڕی حەمە رەزاشای پەهلەویش کە باب و باپیری چەندین جووڵانەوەی کوردیان تێکشکاند، بە نهێنی و ئاشكرا دابنیشن بەڵام خۆ لە بەشداریکردن لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی کوردستانی ببوێرن. هەر ئەو بیر و سیاسەتەیە کە ناهێڵێ ئەو دەرفەتانەی کە هەڵدەکەون بۆ یەکێتی و هاوکاریی لە گەڵ یەک بقۆزرێتەوە، بەڵام به چاو ههڵترووکاندنێکی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، فریو دەخۆنهوه و سه‌ره‌رای ئەو هەمووە جینایه‌ت و تاوانه‌ی کە لە ماوەی سی و چه‌ند ساڵی ڕابردوودا حکوومه‌تی ئیران لەگەڵ کوردی کردووە بە بێ رەچاو کردنی ئوسوڵ و بنەماکانی گفتوگۆی سیاسیی لە گەڵیان دادەنیشن. ئه‌حمه‌دی خانی سێسه‌ت ساڵ له‌مه‌و به‌ر لە شێعری مەم و زین دا سەبارەت بە کورد دەفەرموێ: بۆ ڕۆم و عەجەم وەکوو دیوارین ئەم هۆیە کەوا کز و هەژارین گۆپاڵی دەسی ئەوانە ئێمەین بۆ تیری بەڵا نیشانە ئێمەین هێندەی کە بە جەرگ و دوورە ترسین کەمتر لە بەیەک گەیین دەپرسین لەم سەر ڕەقییە و دەماری زلمان بێگانە دەبن، سواری ملمان کوردیش کە ببایە یەک دڵ و دەست دەستیان دەکەوت ژیانی سەربەست ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی هەمیا ژ مەڕا دەکرد غوڵامی (ئەم شێعرە هی ئەحمەدی خانییە کە مامۆستا هەژار کردوویەتی بە سۆرانی بەڵام ئاخر بەیتی هەر هی خانی خۆی بوو ) پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، کاتێک سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی ڕاگه‌یاند، چوار ساڵی خودموختاری ته‌جروبه کردبوو و زۆر جار له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان دانیشتبوو و به دروستی به‌م ئاکامه گه‌یشتبوو که له چوارچیوه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌دا کورد به ماف و ئازادی ناگا. پێشه‌وا قازی، زۆری حه‌ول دابوو که به جۆریک له‌گه‌ڵ ئێران ڕێک بکه‌وێ. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئێران ئه‌و کاته، له ئه‌وپه‌ڕی شپڕیویی و بێ سهرووسامانیی دابوو، ده‌رگای پاڕڵمانهکهی داخرابوو، له‌لایه‌ن ئه‌ڕته‌شی ئینگلیس و یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ته‌وه داگیر کرابوو، ئه‌ڕته‌شه‌که‌ی په‌رش و بڵاو بوو و تفه‌نگیان به نان ده‌فرۆشت، دیسان ئاماده نه‌بوو، دان به مافی کورد دابنێ و مافه‌کانی بسه‌لمینێ. چۆن ئێستا، له حاڵیک دا که له ئه‌وپه‌ری هێز دایه، خه‌ریکه ئیمپڕاتووری ئیسلامی دابمه‌زرێنێ و چه‌کی ئه‌تۆمی ساز بکا، وه‌ڵامی کورد ده‌داته‌وه و له‌گه‌ڵ کورد ده‌سازێ؟ که‌وابوو ده‌بێ سه‌نیری خاترجه‌میی وه‌بن سه‌ری خۆمان بده‌ین، که نه حکومه‌تی ئێران و نه ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ی ئێستا، هیچیان بۆ کورد لێ هه‌ڵناوه‌رێ و ده‌بێ ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی پێشه‌وا قازیشمان له‌به‌ر چاو بێ که له وه‌سییه‌ت نامه‌که‌ی دا له‌به‌رمان ده‌پاڕێته‌وه که باوه‌ر به عەجەم نەکەین کە مەبەستی لە عەجەم ئێرانە. نه‌ود له‌سه‌تی خه‌ڵکی دێهاتی کوردستان که پشتیوانی هه‌ره ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی ڕزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌که‌مانن، خودموختارییان پێ سه‌ربه‌خۆیی بووە و وایان بردوون ده مێشکه‌وه، که ئه‌گه‌ر خودموختاری وه‌رگرن، ده‌سته‌ڵاتی عه‌جه‌م و فارسیان له‌سه‌ر نامێنێ و ڕزگار ده‌بن، له حاڵیک دا وانه‌بوه و نیشه. ئێستا ئیتر خه‌ڵک ده‌زانن که سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلال، له‌گه‌ڵ خودموختاری جیاوازه. میلله‌تی کورد، ئێستا ئیتر چاو کراوه‌یه، شت ده‌زانێ، به میلیون لاوی خوێنده‌واری هه‌یه که له‌باری زانستێوه خۆیان پێگه‌یاندووه و ئیتر فێڵیان لێ ناکرێ. ئێستا هه‌موومان ده‌زانین که خودموختاری بایه‌خی ئه‌و هه‌مووه شه‌هید و برینداره‌ی نه‌بووه که ئێمه بۆمان داوه. ئیستا هه‌موومان ده‌زانین کە لە خودموختاری و فیدڕاڵی دا دەستەڵاتی نەتەوەی سەردەستمان هەر لە سەرە و حکوومەتی ناوەندییە کە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئێمە دەدا. بۆ بۆخۆمان لەسەر خۆمان بڕیار نەدەین؟ بۆ هەر بندەست بمێنینەوە؟ سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستان بە پێی خاڵەکانی بانگەوازی جیهانی مافی مرۆڤ، مافی سه‌ره‌کی و بنه‌ره‌تی و ڕاسته‌قینه‌ی خۆمانه بۆ داوای نه‌که‌ین؟ بۆ خۆمان لە ژێردەستیی ڕزگار نەکەین؟ بۆ بەخۆمان بڵێین ئێرانی؟ بۆ خۆمان وەک کورد و کوردستانی پێناسە نەکەین؟ چمان بە دێمۆکراتیزه کردنی ئێران داوە؟ ئێران بۆ به ئێمه دێمۆکڕاتیزهی ده‌کرێ؟ خەڵکی قوم و مەشهەد بۆ بە ئێمە دەگۆڕدرێ؟ ئەسڵەن چکارمان بە ئەوان داوە کە بیانگۆڕین؟ چۆنی پێیان خۆشە با ئاوا بژیین بە کورد چی کە ئەوان چۆن دەژین؟ بۆ لە بیری خۆمان دانەبین کە پێنسەت ساڵە ژێر دەستەین و دەچەوسێنەوە؟ پینسهت ساڵه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆته بن ده‌ستی داگیرکه‌ر. هیچ نه‌ماوه بۆ له ناو بردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه نه‌یکه‌ن. ئێمەی کوردی ڕۆژهه‌ڵات مه‌ترسی توانەوەمان لەسەرە لە ناو ئێران و ئێرانی‌دا. له‌م ماوه‌یه دا که ئێمه وه‌دوای دیمۆکراتیزه کردنی ئێران که‌وتووین، به ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته به ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان گه‌یشتوون. ئوێلاند ئەوەتا لە پەنا سوئێد ٢٤٠٠٠ کەسەن بەڵام سەربەخۆن و دەوڵەت و ئاڵا و کیانی خۆیان هەیە و له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان دا ئەندامن. ئه‌وه‌نده شه‌هید و برینداره‌ی ئێمه داومانه بۆ خودموختاری و ئۆتۆنۆمی، ده‌یان وڵاتی پێ سه‌ربه‌خۆ ده‌بوو بەڵام ئێمە هەر وا لە جێگەی خۆمان وەستاویین و هەموو ڕۆژی لاوەکانمان بە خاتری کورد بوون لە سێدارە دەدرێن. ئه‌گه‌ر پێنسه‌ت ساڵی تریش تێوهڕسووڕێ و به ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌شمان شه‌هید بن، به سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکی تریشمان لێ بکووژرێ و به میلییۆن بریندار و ئاواره و ماڵ وێرانی دیکه‌ش بده‌ین، هه‌تا پرسه‌که به دروستی نه‌هێنینه گۆڕێ، هه‌ر ئه‌م وه‌ڵامه وه‌رده‌گرینه‌وه که تا ئێستا وهرمانگرتۆتهوه. ئۆتۆنۆمیی و خودموختاری و فیدراڵی هەموو مه‌سه‌له‌ی نێوخۆیی وڵاتانن و له‌باری یاسای نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه، ئه‌گه‌ر خەڵکانێک و وڵاتانیک هەبن و بیانەوێ و پێشیانخۆش بێ کە یارمەتی نەتەوەی کورد بکەن ناتوانن بیکەن و مافی ئه‌وه‌یان نییە کە بیکەن و ئیزنیان نییە کە ده‌ست له کارووباری نێو خۆی وڵاتێکی دیکه وهربدەن. ئه‌گه‌ر ئێمە داوای سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلال بکەین مه‌سه‌له‌که ده‌گۆڕێ. مه‌سه‌له‌که لە مەسەلەی نیوخۆیی وڵات دەچێتە دەر و دەبێتە نێونه‌ته‌وه‌یی. ده‌ستی خه‌ڵکی دونیا و بیروڕای گشتی جیهان، ئاوه‌ڵا ده‌بێ بۆ پشتیوانی له ئێمه. بۆ سه‌لماندنی به‌رهه‌ق بوونی ویست و مافی نه‌ته‌وه‌که‌مان به خه‌ڵکی دنیا، پیویست ناکا لووتی که‌س له خوین بێ، پێویست ناکا شه‌ڕ بکه‌ین، ته‌نیا ده‌بی به هه‌موومان، به یه‌کده‌نگی، مافی ڕه‌وای خۆمان که سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه داوا بکه‌ین. ده‌بێ خۆمان به کورد بزانین و واز له ئێرانچییه‌تی بینین. له ڕێگه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانه‌وه و له ڕێگه‌ی یاسایی و قانوونییه‌وه حه‌ول بده‌ین بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانمان. ئیمپراتووری ئیسلامی ئێران، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر مانی مرۆڤ و هێمنیی و ئاسایشی خه‌ڵکی دنیا. ئێمه ده‌بێ خه‌ڵکی دنیا له‌م مه‌ترسییه گه‌وره‌یه ئاگادار بکه‌ینه‌وه. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان حاڵی بکه‌ین که ئەگەر یارمه‌تی نه‌ته‌وه ژیرده‌سته‌کانی ئێران بدەن کە دەوڵەتی موستەققیللی خۆیان دابمەزرێنن ڕێگه‌یه‌کی باشە بۆ تێکڕووخاندنی حکوومه‌تی دژی ئینسانی ئیران کە خەریکە ئیمپڕاتووری مەزهەبی دابمەزرێنێ. نیو سەدەیە پرسی کورد به لاڕێدا ده‌ڕوا. مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی و ئه‌ساسی و سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌که‌مان، که سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستانه، له بییر چۆته‌وه. رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئێستا له‌حالی گۆڕانکاری و ئاڵووگۆڕ دایه. میلله‌تی کورد گه‌وره‌ترین و کۆنترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته. چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد، له ڕاستییدا، چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌یه‌کی گه‌وره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشه. ئەمساڵ، ساڵوه‌گه‌ڕی پێنسه‌ت ساڵه‌ی دابه‌ش بوونی کوردستانه. وه‌رن با به هه‌موومان، ئاواتی له‌میژینه‌ی میلله‌ته‌که‌مان وه‌دی بێنین و داوا له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بکه‌ین که له ساڵی ٢٠١٤ ی زایینی دا، پشتیوانی له کورد بکه‌ن بۆ به‌ڕێوه بردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان. به هاوده‌نگی و یه‌کیه‌تیی، ده‌نگمان به هه‌موو دنیا ده‌گا، به نیفاق و دووبه‌ره‌کی که‌س وه‌لاممان ناداته‌وه و پێنسه‌ت سالی دیکه‌ش هه‌ر وا کۆیله و ژێرده‌سته ده‌مێنینه‌وه. هه‌ڵبژاردن به خۆمانه. لە کۆتایی دا ئێمە لە پارتی ئازادیی کوردستان، لەم راوێژە نەتەوەییەدا پێ لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک گرینگ‌ترین پرس و بابەتەکانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەگرین: ١- پێویستە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک وڵاتێکی داگیرکراوی بندەستی دەوڵەتی ئێران و پرسی کورد وەک پرسی نەتەوەیەکی بندەستی بێدەوڵەت پێناسە بکرێ. ٢- کوردستان و کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی، بەشێکن لە خاک و نەتەوە و بزووتنەوەی رزگارییخوازیی نەتەوەی گەورەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ٣- تاکی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە پێناسە کردنی ناسنامەی خۆیان بە " ئێرانیی" یان پارادۆکسی هەم کورد و هەم ئێرانی و خۆ رانان بە درۆ دەلەسە مەبەستدارەکانی " ئێرانی باستان" رزگار بکەن. ٤- ناسیونالیزمی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناسیونالیسمی شەرمێونانە دەرباز بکرێ و بە شەفافی و راشکاوانە ئامانج و ستراتیژی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون هەڵگرێ و ئەو ئاڵایە هەڵگرێتەوە کە شێخ عوبەیدوڵا نەهری و شێخ مەحمود حەفید و شێخ عەبدوسەلام بارزانی و سمایل ئاغا سمکۆ و شەێخ سەعید پیران و پێشەوا قازی محەمەد شەکاندیانەوە. ٥- پرۆژەی سیاسیی دێموکراتیکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی گشتی بێ بۆ دیاریی کردنی مافی دیاریی کردنی چارەنووسیی سیاسیی. ٦- پێوەندیی نێوان هیزە سیاسییەکانی کوردستان لە سەر بنەمای یەکتر قبووڵ کردن و ئازادیی مافی تێکۆشانی سیاسیی و حەرام کردنی شەڕی براکوژی بنیات بنرێ. بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان و کۆتایی هێنان بە پڕش و بڵاوی، بەرەیەکی کوردستانی لە پێناو وەدەسهێنانی مافی دیاریی کردنی چارەنووس پێکبێنرێ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەر فەرماندییەکی یەکگرتوودا یەکبخرێ. ٧- بەرەی کوردستانی، بە سیاسەتی کوردستانییەوە، هاوپەیمانەکانی نەتەوەی کورد لە ناو نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران، دیاریی بکا و خۆ لە پاشکۆیەتی هەر دەستە و تاقمێک لە ئۆپۆزیسیۆنی فارس ببوێرێ. ٨- هەر کاتێک هەلومەرجێک بۆ گفتوگۆیەکی ئابڕومەندانە لە گەڵ تاران خوڵقا، بەرەی کوردستانی بڕیاری لە سەر بدا و هیج لایەنێک بە تەنیا روو لە گفتگۆ لە گەڵ تاران نەکا. ٩- رۆژهەڵاتی کوردستان کە مەڵبەندی لە دایکبوونی دەوڵەتی جمهوری کوردستان بووە، هەڵگری گوتاری یەکێتی نەتەوەیی و یەکگرتنەوەی کوردستانی دابەشکراو بێ. ١٠- سەرجەم ئەو هێز و باڵانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆ بە نەتەوەیی پێناسە دەکەن، هێما و سیمبولە سیاسییەکانی وەک: سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ئاڵای کوردستان و سەرکردە مێژووییەکان و کۆماری کوردستان و جەژنی نەورۆز، وەک هێما و سیمبولە گشتییە نەتەوەییەکان قبووڵ بکەن.
هەر بژین و سەرکەوتوو بن بەرێزەوە پارتی ئازادیی کوردستان دەستەی نوێنەرایەتی بۆ کۆنفرانسی راوێژی نەتەوەیی سۆئێد ٢٠١٤،٤،١٩
|