لە رۆژهەڵاتی کوردستان 5 هەورامان هەیە یەک لە یەک جوانتر
26/9/2014
pazadik/
ژیان / ژینگه لە رۆژهەڵاتی کوردستان 5 هەورامان هەیە یەک لە یەک جوانتر
هەورامان ئەو ناوچە سیحراوییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانە کە تا ئێستە وەکو پێویست میدیاکان گرنگی بە مێژوو و کولتوور و نەریتی نادەن. لەبارەی ناوی هەورامانەوە بۆچونەکان جیاوازە، بەڵام دەتوانین هەورامان یان ئاهورامان وەکو وڵاتی ئاهورا یان (وڵاتی خۆر) مانا بکەینەوە کە هەردوویان بە مانای وڵاتێکە رێز لە ئاهورا یان هەور”خۆر” دەگرن، کە هێمای وڵاتی زەردەشتی و وڵاتی میهرپەرەستە، چونکە خۆر و ئاهورا لای میهرپەرەست و زەردەشتییەکان پیرۆزە. هەورامانی رۆژهەڵات کەوتووەتە سەر گەورەترین و درێژترین رووباری کرماشان کە رووباری سیروانە. خاوەن کولتوور و نەریتی تایبەت بە خۆیە و رێوڕەسمی ساڵانەی پیری شالیار هەموو ساڵێک گەشتیاران لە سەرانسەری جیهانەوە دەهێنێتە هەورامان. خاوەن بیناسازییەکی تایبەت بە خۆیانن کە لە ژمارەیەک لە گوندەکان رەچاوی دەکەن، ئەویش دروستکردنی خانووە بە بەرد بە جۆرێک هیچ جۆرە مەڵاتێکی تر بەکار ناهێنن و هەرچی دیوار و شورەی بیناکانە بەردە لەسەر یەک کەڵەکە کراوە بەبێ ئەوەی چیمەنتۆ بەکار بهێنن کە هێمایە بۆ مێژووییبوونی ئەو جۆرە بیناسازییە لە هەورامان. مێژووەکەی بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤە سەرەتاییەکان تەنیا بەردیان لەسەر یەک داناوە و هیچ مەڵاتێکیان بۆ بتەوکردنی بەردەکان نەبووە. بیناسازیی هەورامان وەکوو چڕین و گۆرانی هەورامی سادەیە، وەکوو چۆن لە سیاچەمانە و کنالەیل و چەپەڵە هیچ جۆرە میوزیک و ئامێرێکی ژەنین نییە، ئاواش لە بیناسازیدا هیچ شتێک نییە. هەورامان کە هەموان وەکو ناوچەیەک دەیناسن، بۆ خۆی بە چەندین هەورامان ناسراوە کە زیاتر بۆ هەورامییەکان بەو ناوانە دەیناسن و کەسانی تر هەموو ئەو شوێنانە بە ”هەورامان“ دەناسن نەک ناوێکی تر. هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریتییە لە: - هەورامانی لهۆن - هەورامانی تەخت - هەورامانی دزڵی و شامیان - هەورامانی رزاو و گمرە - هەورامانی ژاوەرۆ و کا وەرۆ هەورامانی لهۆن لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکی دەکەوێتە باشووری کوردستان و بەشەکەی تری دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هەورامانی لهۆن لە باکورەوە ناوەندەکەی نەوسوودە و لە باشوورەوە ناوەندەکەی شاری پاوەیە. لەو 5 هەورامانەی ناویان هاتووە، دەیان گوندی گەورە و بچوکی سیحراویی سروشت جوان هەن. هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتە دوو پارێزگای کرماشان و سنە و زیاتر بە دوو ناوی هەورامانی لهۆن و هەورامانی ژاوەرۆ ناسراوە، لە رووی سیاسیشەوە هەورامان دوو پارچە بووە پارچەیەکی کەوتووەتە رۆژهەڵات و پارچەکەی تریشی لە باشووری کوردستانە. گرنگترین شارەکانی هەورامان لە هەردوو پارچە بریتین لە پاوە، نەوسوود، نۆدشە و بیارە و بەشێکی دیاری هەڵەبجەش هەورامین. لە مەریوان و کامیاران و جوانڕۆ و روانسەر و کرماشان و تارانیش هەورامییەکان هەن.
|