بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بە بۆنەی 38 هەمین ساڵوەگەڕی جیهادی تاران دژی کورد
19/8/2017
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی گەورەی کورد! کوردستانییه نیشتمانپه‌روه‌ره‌کان! 38 ساڵ لە دەرچوونی حوکمی جیهادی خومەینی وهاوکات لە بەرنگاریی نەتەوەیی کورد بەرانبەر تاران، تێپەڕی. ئه‌و فه‌رمانه‌ی خومه‌ینی له 28ی گه‌لاوێژدا به دژی کورد ده‌ریکرد، درێژه‌ی ئه‌و رێچکه‌یه بوو که حکومه‌ته یه‌ک له دووای یه‌که‌کانی ئێران هه‌ر له شاکانی سه‌فه‌وییه‌وه تا قاجار و په‌هله‌وی بۆ تووناکردنی کورد و به‌تاڵان بردنی سامانی وڵاته‌که‌ی و رووخاندنی هه‌ر قه‌واره‌یه‌ک له حاکمییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه، گرتبوویانه به‌ر. بیست و هەشتی گەلاوێژ، رۆژی رووبەروو بوونەوە و پێکداهەڵشاخانی دوو ناسیونالیزم و دوو ناسنامەی ئێرانی و کوردستانی بوو. جیهاد به دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد، سیمبولی ناسیۆنالیزمی داگیرکه‌ر، هێرشبەر و خۆسه‌پێنی ئێرانی و به‌ربه‌ره‌کانی و به‌رخۆدانی جه‌ماوه‌ریی کورد، هێمای ناسیۆنالیزمی ئازادیبه‌خشی کوردی بوون. شه‌ڕ و دەسدرێژییەکانی تاران له دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، نه‌بڕاوه‌ته‌وه و درێژه‌ی هه‌یه. تێرۆری رێبه‌ران و تێکۆشەرانی سیاسی، ئێعدامی رۆڵه‌کانی کورد، به‌تاڵان بردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی کورد، تێکدانی باری دیمۆگرافی بەشێک لە دەڤەرەکانی کوردستان، حه‌ولدان بۆ شێواندنی ناسنامه و کلتور و که‌سایه‌تی کورد، بڵاوکردنه‌وه‌ی ماده هۆشبه‌ره‌کان، په‌ستاندنی هه‌زاران کورد له ئه‌شکه‌نجه‌گاکان و کوشتاری به‌رده‌وامی ڕۆڵه‌کانی کورد له‌سه‌ر سنووره‌کان؛ درێژه‌ی ئه‌و حوکم و شه‌ڕه‌یه که 38 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌سه‌ر کورد دا سه‌پا. به‌ڵام نه داگیرکران و میلیتاریزه‌کردنی کوردستان و نه قوربانییه زۆر و زه‌وه‌نده‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، ناسیونالیزمی ئازادییبه‌خشی کوردی نەپێچایەوە و سەرەڕای کەم و کووڕی و هەڵە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوە و لە کیس دانی بڕێک دەرفەتی لە بار، ئەمڕۆکە، بە گەشە سەندنی بیر و هەستی نەتەوەیی وئامادە بوونی سیاسەتی نەتەوەیی و لە مەیداندا بوونی هێزی کوردستانی تەوەر و پاشەکشە کردنی بیر و سیاسەتی ئێرانچێتی، کوردایەتی لە سەدان خانە و بەستێنی جیاواز و فرەچەشندا، لە جووڵە و گەشەدایە و لە گەڵ هەڵکەوتنی هەر دەرفەتێکی لە بار، لە بزاڤێکی سیاسییەوە دەبێتە حاکمییەتێکی نەتەوەیی. بیست وهەشتی گەلاوێژ لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە سێ ساڵە هاوکووفەکانی خومەینی لە باشوور و رۆژاوای کوردستان لە دژی کورد لە ” جیهاد” دان و بۆ رێگریی لە گەیشتنی کورد بە ئازادیی و سەربەخۆیی، تاوانی گەورە و گرانیان خوڵقاندوە. دیمەنەکانی کوشتار و سەربڕینی مرۆڤی سویلی کورد لە شنگال و کووبانێ، راست دیمەنە هاوچەشن و شێوەکانی قاڕنا و قەڵاتانی رۆژهەڵاتی کوردستان دێننەوە بەرچاو کە 38 ساڵ لەمەوبەر لە لایان سەربازانی ئێرانییەوە خوڵقان. پارتی ئازادیی کوردستان کە بۆ کوردایەتی و خەبات، لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا سنوور نەناسە و کورد وەک یەک یەکەی نەتەوەیی دەبینێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شانازیی بەوەوە دەکا لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی بەرفەرمانی تاران، فەرماندە و پێشمەرگەکانی، قارەمانانی سەنگەرەکانی بەرگری لە خاک و خەڵک و کیانی سیاسی کوردن لە باشووری نیشتمان لە شاجەنگی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پارتی ئازادیی کوردستان وەک سەرکردەی جەمسەری نەتەوەیی لە بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە لە سەر ئەو راستییە پێدادەگریتەوە کە بێدەوڵەتیی کورد، هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەو غەدر و کارەساتانەیە کە بە سەر نەتەوەکەمان هاتووە و تاکە دەستەبەری کۆتاییهاتنی یەکجارییان ، هەڵگرتنی تەوقی سەروەریی تاران و گەیشتن بە سەروەریی سیاسیی و سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کوردستانە. پارتی ئازادیی کوردستانPAK کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی 28ی گەلاوێژی 2717 19 ئاگۆستی 2017
|