دوێنێ چوارشەممە 7 ژووئەنی 2017، لە کۆبوونەوەی رێزدار مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گەڵ نوێنەرانی باڵای حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، پرسی ئەنجامدانی رێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان یەکلایی بووەوە و رۆژی 25 سێپتامبری 2017 بۆ بەڕێوەبردنی رێفراندۆم دیاریی کرا و بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی باڵای رێفراندۆم دەسنیشان کرا.
لە لایەکی دیکەوە ، پرسی کورد لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستا و گوتاری” دێموکڕاتیزە کردن”ی ئەو دەوڵەتانەدا کە نیشتمانەکەیان داگیرکردوە، هەرگیز ناگاتە چارەسەری راستەقینە و بەستنەوەی پرسی کورد بەم ستراتیژییەوە تەنیا لە کیسچوونی هەل و دەرفەتەکان و خەساربوون و هەدەردانی وزە و تواناکانی نەتەوەکەمانی لێدەکەوێتەوە.
ژیانی ئاسوودەی سەقامگیر و دوور لە شەڕ و هەڕەشە بۆ کورد، لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا کە بەسەریاندا بەشکراوە، تەنیا خەیاڵێکە کە وزە و دەرفەتەکانی نەتەوەی کورد بە فیڕۆ دەدا.
پارتی ئازادیی کوردستان کە خۆی خاوەنی ستراتیژی سەربەخۆیی و پرۆژەی رێفراندۆمە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان؛ بڕیاری ئەنجامدانی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان، بە برێارێکی مێژوویی دەزانێ کە ئاکامەکەی دەرچوون لە تەوقی سنوورە دەسکردەکانی عێراق و هەڵکشان بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی باشووری کوردستانە.
بۆیە وێڕای پیرۆزبایی لە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و خەڵکی باشووری کوردستان بە تایبەتی، ئامادەیی سەربازیی خۆی بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستانی سەربەخۆی لە دایکبووی رێفراندۆم دەردەبڕێ.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی ناوەندی
18ی جۆزەردانی 2717
8 ی ژووئەنی 2017