چیرۆک بۆ منداڵان ... گەردەلوول و داربەڕوو ... نووسینی / رەزا شوان
31/8/2014
PAZADIK: رۆژێک گەردەلوولێکی تاریک و
رەش، لە بیابانەوە بەرەو باکوور هەڵیکرد، زیانێکی زۆری بە باخ و، بە دار ودەوەن و،
بە سامانی خەڵکی ئەو شوێنانە گەیاند، کە لە پێشێوەی بوون .. بێ بەزەییانە هێلانەی بە
هەزاران چۆلەکە و باڵندەی تری رووخاند و ئاوارەی کردن .. ملی نایە کۆمەڵێک داربەڕووەوە
.. رووی دەمی لە داربەڕوویەکی ئەستوور کرد . گەردەلوولەکە ( بە تووڕەییەوە ) : ئەوە بۆ رێتان پێ گرتووم .. ؟ داربەڕووەکە : ئێمە رێمان پێ نەگرتووی ، ئێرە
شوێنی ئێمەیە ، تۆی نامۆ ملت پێوەناوین و، شەڕمان پێ دەفرۆشیت . گەردەلوولەکە : تا زووە لە رێم لادەن و دوورکەونەوە،
ئەگینا تێک وپێکتان دەشکێنم و، لە رەگەوە هەڵتان
دەتەکێنم . داربەڕووەکە : ئێرە نیشتمانی هەزاران ساڵەی ئێمەیە .. هەرگیز
ئێرە بەجێ ناهێڵین .. لە هەڕەشەی تۆی بەدفەساڵ و بەدکاریش ناترسێن . گەردەلوولەکە : ئێستا پێشانتان دەدەم، کە چیتان بەسەر دەهێنم
. داربەڕووەکە : چ بایەک لە سکتدایە دەریکە .. گەردەلوولی لە
تۆش گەورەتر و بەهێزتر ملیان پێوەناین، نەیاتوانی لێرە هەڵمان بکەنن .
گەردەلوولەکە بە ئەوپەڕی هێز و
توانایەوە، بە دڵڕەقییەوە، هێڕشی کرد و .. دەستیکرد بە راوەشاندنی داربەڕوەکان ..
بەڕووەکانی وەرانن .. گەڵای بە داربەڕووەکانەوە نەهێشت .. لقێکی زۆریانی شکاند و
رایماڵێن .. بەڵام هەرچەندی کرد نەیتوانی قەدی داربەڕووە بشکێنێت، یا لە شوێن
خۆیان هەڵیان بتەکێنێت .. گەردەلوولە بەزیوەکە، بە شەرمەزاری و بە سەرشۆڕی و
رووڕەشییەوە، رۆی و نەما .. سەرکەوتن و سەربەرزی و مانەوەش بۆ داربەڕووە
خۆڕاگرەکان بوون .
دوای باران بارین و، هاتنی وەرزی
بەهار، داربەڕووەکان چەندین لقی تازەی ناسکیان دەرکرد و، گەڵای سەوز و گەشیان کرد
.. بەڕووە وەریوەکانیش لە شوێنی خۆیاندا شین بوون و، رەگیان کرد و .. بوون بە سەدان
نەمامی ناسک .. بەجاری ئەو ناوە بوو بە بەڕووستان .. چۆلەکەکانیش گەڕانەوە و، لەسەر
لقی دارەکاندا هێلانەی جوانتریان دروستکرد .. دەستیان بە جریوە جریو و بە یاری کرد
.
(*) کوردیلە چاوگەشەکانی کوردستان، دڵنیام کە زۆربەتان مەبەستەکانی
ئەم چیرۆکەم دەزانن .. ئەوانەشی نایزانن، لە دایک و باوکتان، یا لە مامۆستاکانتان
بپرسن .. ئەوان بۆتان راڤە دەکەن . نەرویـج : ٢٥/ ٨/
٢٠١٤
|