بیر و هزری شه‌هید سه‌عید تەنیا بۆ ئێمە نەبووە
17/9/2016
فه‌ریبورز کرماشانی
له مێژووی کەونارای نه‌ته‌وه‌ی گەورەی کورددا سەدان سەرکردە و رۆڵەی بەجەرگ و مێرخاسی مه‌یدانی کوردایه‌تیمان بوونیان هەبووە، ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی و دوور لە هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدا بردنی تاکەکانی کورد، سەرتاپای ژیانی خۆیان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان ته‌رخان کردووە و له‌پێناو ئامانجە بەرزەکانی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا گیانیان به‌ختکردووه، ناو و خه‌باتیان هه‌رده‌م زیندووه و شەهید سەعید یەزدانپەناش یەکێکە لەو سەرکردانەوە. "سه‌عید یه‌زدانپه‌نا" له‌ته‌ک هاوڕێیانی له پاش ڕاپه‌ڕینه مێژووییه‌که‌ی باشووری کوردستان ده‌ستیان دایه ئه‌رکێکی قورس و دامه‌زراندنی پارتێکی نەتەوەیی کوردستانیی بە ئامانجی دامەزراندنی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کورد و پاش ئەم رووداوە مێژووییە، ناسیۆنالیزمی کورد و ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان قۆناغێکی نوێی ده‌ستپێکرده‌وه. کاک سه‌عید یه‌زدانپه‌نا له وته‌یه‌کی پڕناوهڕۆکدا، له 30 گوڵانی 2691، له یه‌که‌م چرکه‌کانی دامه‌زراندی PAK دا فه‌رمووی: "به‌م هه‌نگاوه، هه‌ر له ئێستاوه ترسی مه‌رگ ده‌که‌وێته گیانی داگیرکه‌رانی کوردستان". به‌ڵێ هه‌رواش بوو. بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زرانی ئه‌م هێزه ڕه‌سه‌نه‌وه، کۆماری ئیسلامیی ئێران که‌وته پیلانگێڕان، تا ئه‌وجێگایه‌ی توانی له 28 خه‌رمانانی 2691، زه‌برێکی قورس و کاریگه‌ر له‌م هێزه بووه‌شێنێ و رێبه‌ره ههڵکهوتووهکهی تێرۆر بکا." که چاوێک به‌و نامیلکانه‌ی کاک سه‌عید نوسیوونی بخشێنین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ شه‌هید سه‌عید چ رێبه‌ر و زانایه‌کی گەورەی کورد بووه. ئه‌و نامیلکانه بوونه سه‌ره‌تایەکی بەهێز بۆ گۆڕانی فیکری و سیاسیی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م سیاسەت داڕێژییە مۆدێڕنانه بووه خاڵی وەرچەرخان لە بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا و سه‌ره‌نجام ئه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌یه به‌شێک له پارته سیاسییه‌کانیشی گرته‌وه. له‌پێش هه‌موویاندا کوردستانی بوون و باوه‌ڕ به بوونی نه‌ته‌وه و خاکێک به‌ناوی کورد و کوردستان، خۆی له چوارچێوەی ئه‌و مانیفێسته‌دا جێکرده‌وه و به‌ڕاشکاوی ده‌ڵێ: "ئێمه کوردین و خه‌ڵکی وڵاتی داگیرکراوی کوردستانین". به متمانه‌وه باسی له کورد و کوردستان کردووه و له به‌شێکی دیکه‌یدا هاتووه که: "هێزه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌بێ هه‌وڵبده‌ن به ته‌واوی کوردستانی بن و کوردستانی بمێننه‌وه". سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کێکی دیکه‌یه له داهێنان و ئه‌ندێشه و فکری شه‌هید سه‌عید یەزدانپەنا بوو. 22 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌نێو ئاڵۆزی و شێواوی ناوچه‌که و عەقڵی زاڵی ئێرانی بوون و دوورەپەرێزی حیزبەکان کوردستانی بوون، شه‌هید سه‌عید هات و بوێرانه و به وشیارییه‌وه، باسی له مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد کرد. باس لە دەوڵەتی نەتەوەیی و کوردستانی بوونی، له کاتێکدا لە لایان رێبەری شەهیدمان هاتە گۆڕەپانی سیاسیی که، بیر و هزری ئێرانچیه‌تی، پاراستنی تەواویەتی عەرزی ئێران و دروشمی خودموختاری باڵی به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی کوردا له رۆژهه‌ڵات کێشابوو و بیری نەتەوەیی، ببوو بەژێر ئایدۆلۆژیا هاوردەکاند. شه‌هید سه‌عیدی زانا به هێنانه ئارای ستراتیژی سه‌ربه‌خۆیی ئاسۆی بیری تاکی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ره‌و به‌ده‌وڵه‌تبوونی کورد هه‌ڵکێشا. دیاره کاک سه‌عید، له خوێنده‌نه‌وه و لێکدانه‌وه‌کانی بۆ پرسی کورد، بایه‌خی به تایبه‌تمه‌ندی ناسنامه‌ی خاک و زمان و کولتوری داوە و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش داده‌گرت که کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه و له‌وه باش ئاگاداره که: 1- خاکی کوردستان سنووری دیاره و له پاش رێککه‌وتنامه شوومه‌کانی زه‌هاو و لۆزان، وڵاتی ئێمه به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتی ئێران، ترکیا، عێراق و سوریا دا، دابه‌ش کراوە. 2- زمانی کورد له‌گه‌ڵ زمانی نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستاندا جیاوازیی هەیە، بەشێوەیەک کە جێگەی هەڵسەنگاندن و بەراورد کردن نییە. 3- کو‌لتوور و داب و نه‌ریتی کورد له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی نێو هه‌ر کام له‌و ده‌وڵه‌تانه جیاوازه. بیرۆکه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی، یه‌کێکی دیکه‌یه له داهێنانه‌کانی سه‌رکرده‌مان کاک سەعیدە. ساڵی 2691 (1991) لە هەردوو نامیلکەدا شەهید سەعید، باس له زه‌رووره‌تی دامه‌زرانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی ده‌کا و دامه‌زرانی ئه‌و به‌ره‌یه به خاڵێکی گرینگ بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌کان دەزانێ. ئه‌وه‌ش به‌له‌به‌ر چاوگرتن و په‌ند وه‌رگرتن له ئه‌زموونه‌کانی پێشوو و شه‌ڕی نه‌گریسی براکوژیی که بووه هۆی هۆکاری بەرکەوتنی زیانیکی گەورە له بزاڤی رزگاریخوازیی و دڵخۆشکردنی دوژمنان و ساردبوونه‌وه‌ی تووێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان و په‌ره‌دان به جاشیزم و پاشه‌کشه‌ی به‌شێک له خه‌باتکاران، له‌و بزوتنه‌وه‌یه. شه‌هید سه‌عید، به‌ره‌ی کوردستانی بۆ یه‌کڕیزی و کۆکردنه‌وه‌ی هێز و توانانی پێشمه‌رگه له‌ژێر یه‌ک فه‌رمانده‌یی و رێکخستنیان بۆ هه‌ر ئاڵووگۆڕێک له ناوچه‌که به‌گشتی و له ئێران به‌تایبه‌تی و خۆ ئاماده‌کردنی هه‌موو هێزه‌کان ده‌زانی و دەفەرمووێ: "پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی (له ئێران) پێویستییه‌کی مێژووییه. ئه‌وه‌ی که ناڕه‌وایه ئه‌وه‌یه که هێزه سیاسییه کوردستانییه‌کانی ئێران که به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیان له ئازادیی کوردستان و بزووتنه‌وه رزگاریخوازهکهیدا هه‌یه، نه‌توانن له‌سه‌ر رێبازێکی ستراتیژیک بۆ وه‌ده‌سهێنانی مافه زه‌وتکراوه‌کانی گه‌لی کورد رێکبکه‌ون و خۆیان له‌به‌ره‌یه‌کی به‌رفراواندا ببیننه‌وه. بۆ ئێمه وه‌ک کورد له ئێران به هه‌موو ده‌سته‌یه‌کی شۆڕشگێڕ و دیمۆکرات و پێشکه‌وتنخوازه‌وه، یه‌کخستنی ریزه‌کانی خه‌باتمان له پێش هه‌موو پێویستییه‌کی سیاسیی دیکه‌وه‌یه". دیاره پاش تێپه‌ڕینی ئه‌م ساڵانه به‌سه‌ر نووسینی ئه‌م دێڕانه، وردە وردە هێزەکانی دیکەش بەشێک لە ئامانج و داهێنانەکانی شەهید سەعیدیان، هێنایە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی خۆیانەوە، شه‌هید سه‌عید له کاتێکی زۆر هه‌ستیاردا باسی له زه‌رووره‌تی دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی کرد، که تاو ئەوکات هیچ هێز و لایەنێک ئاوڕیان لێ نەدابووەوە. به‌ڵام ئێستا پاش 22 ساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر ئه‌و وتانه و باسکردن له به‌ره‌ی کوردستانی، هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات نه‌یانتوانیوه چوارچێوه‌یه‌ک بۆ خۆ رێکخستن له به‌ره‌یه‌کی کوردستانی‌دا بێننه‌وه ئاراوه. دیاره ئێستا ئه‌مه بووه‌ته هۆکارێک بۆ که‌مڕه‌نگ بوونه‌وه و نه‌بوونی هه‌ڵوێستێکی هاوبه‌ش له نێوان هێزه‌کان له کاتی روودانی هه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێک له ئێران‌دا، ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی له داهاتوودا بۆ سه‌ر ڕه‌وشی کورد له‌و پارچه‌یه ده‌بێ. جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئەو راستییەش بڵێم، کە هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، توانیویانە کەڵک لە هەڵوێست و گوتەکانی شەهیدی سەرکردەمان وەربگرن و ئەگەر سەرنجێک بە هەڵوێستی ئەوکاتی لایەنەکاندا بخشێنینەوە، دەبینین کە رەنگدانەوەکان چەندە دیارن، ئەگەر حیزبەکان خۆشیان نەڵێن کە ئیلهاممان لەو وەرنەگرتووە، بەڵام راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە گۆڕانکارییەکانی نێو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵات لە ساڵی 2000 ەوە، کاریگەریی گوتەکانی ئەوسای سەعید یەزدانپەنا و گەشەی پارتی ئازادیی کوردستانیان پێوەدیارە. ئێمە رێبوارانی رێگەی ئامانج و ئاواتەکانی شەهیدی سەرکردەمان کاک سەعید، جارێکی دیکە بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە هەردەم لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیدا درێژە بە کاروانەکەی بدەین و بەردەوام بین لە داهێنانی زیاتر، تا ئەو کاتەی کورد بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دەگا.
|