جێگری سەرۆکی PAK لە دیدار لەگەڵ جێگری سەرۆکی پارلمانی نۆروێژ پێی لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان داگرت
18/3/2013
PAZADIK: جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان
لە دیدارێکدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پارلمانی نۆروێژ، پێی لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی
کوردستان داگرت.
سەعات21 رۆژی هەینی 25 رەشەمەی
2712 رێکەوتی 15 مارسی 2013، بەڕێز" ئەختەر چاودێهری" جێگری سەرۆکی پارلمانی
نۆروێژ کە بۆ بەشداریی لە یادی بیست و پێنج ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە باشووری کوردستانە،
سەردانی بنکەی پارتی ئازادیی کوردستان لە شاری هەولێری کرد و لە لایان بەڕێز حسەین
یەزدانپەنا جێگری سەرۆکی PAK ەوە پێشوازیی لێکرا.
لەم دیدارەدا، ئەختەر چاودێهری راپۆرتێکی
سەبارەت بە هەنگاوەکانی خۆی لە پارلمانی نۆروێژ لە پشتیوانیی لە نەتەوەی کورد و بۆ
بەفەرمیی ناسرانی ژێنۆسایدی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، خستەڕوو. جێگری سەرۆکی
پارتی ئازادیی کوردستان، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین لەو هەنگاوانەی ناوبراو، کورتەیەکی
لە مێژووی کوردستان و چۆنیەتی دابەشکران و داگیرکرانی خستەڕوو و رایگەیاند کە کورد
یەک نەتەوە، کوردستان یەک نیشتمان وپرسی کوردیش لە هەموو پارچەکانیدا یەک شتە و رێگاچارەی
یەکجاریشی سەربەخۆیی و پێکهاتنی دەوڵەتی نەتەوەییە.
یەزدانپەنا لەم پێوەندییەدا پێی لەسەر
چارەسەری پرسی کورد لە رێگەی ئاشتیانە و بە ئامرازی دیمۆکراتیک و گەڕانەوە بۆدەنگی
تاکی کورد لە رێگای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەژێر چاودێریی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان،
داگرت. لە لای خۆیەوە بەڕێز ئەختەر چاودێهری، وێڕای پشتیوانیی لە رێگەچارەی پێشنیارکراوی
پارتی ئازادیی کوردستان، هیوای خواست نەتەوەی کورد بە مافە رەواکانی بگا.
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیتەی راگەیاند
28 رەشەمەی 2712
18 مارسی 2013
|