”دەستدرێژیی دەکەنە سەر گیراوەکان“
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، کە چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پیاوانی هەڵاتووی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەستگیر دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 2.2.2017، ریکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، چەکدارانی حەشدی شەعبی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەبارەی پەیوەندییان بە داعش، هاووڵاتییە هەڵاتووەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە ”زیندانە نهێنییەکان“ زیندانی دەکات.
رێکخراوەکە هەروەها رایگەیاندووە، کە چەکدارانی حەشدی شەعبی توانای لێکۆڵینەوەیان لە بوونی پەیوەندیی ئەو کەسانە بە داعشەوە نییە و لە زیندانەکانیش هاووڵاتییەکان ئەشکەنجە دەدەن و دەستدرێژییان دەکەنە سەر، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکی مرۆیی ئاگاداری بێت.
بەشێک لەو هاووڵاتییانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ شارەکەیان بەجێ دەهێڵن، بە ریکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤیان راگەیاندووە، کە نازانن پیاواکانیان لە کوێن و چیان بەسەر هاتووە، دوای ئەوەی چەکدارانی میلیشیاکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، رفاندوویانن بۆ ”زیندانە نهێنییەکان“.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لەسەردەمی سەرۆکایەتیی نوری مالیکی لە مانگی حوزەیرانی 2014 و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و هێزە عێراقییەکانیش بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵیان رزگار کردووەتەوە.