ئێران: تاقیکردنەوەی مووشەکی لە چوارچێوەی بەرگری دایە و مافی خۆمانە
ناوەڕاست
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، وێڕای ڕەخنەی توند لە تاقیکردنەوەی ئەمدوایەی ئێران، ڕایگەیاندووە "ئێمە لە ئەمڕۆ بەدواوە بە فەرمی و بە جیدی هۆشداری بە ئێران دەدەین."
بەپێی راپۆرتی تۆڕی میدیایی (BBC) مایکل فلین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی "هەوڵ و تاقیکارییەکانی ئەمدوایەی ئێران و بۆ وێنە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک و هێرش بۆ سەر کەشتییەکی سعوودیا کە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ئێرانەوە بووە، ئەمانە چەند نموونەن لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و ئێمە ئەمە قەبووڵ ناکەین."
فیلین ئاماژەی بەوەش داوە "تاقیکاریی نوێی مووشەکیی ئێران پشتگوێخستن و پێشێلکاریی ئاشکرای بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشە."
دوێنێ چوارشەممە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی "ماهەوارەی ناهید" بە توندی ڕەخنەی لە ئەمریکا و بڕیارەکانی ترەمپ گرت.
هاوکات 220 پەرلەمانتاری ئێران بە بڵاکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانیان لە هەوڵە سەربازییەکانی ئێران کردووە و بە مافی ئێرانیان زانیوە.
بە گوتەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئەم هەوڵ و جموجٶلە سەربازییانەی ئێران کە تێیدا هێز و میلیشیا حووسییەکان جێبەجێی دەکەن، ئەنجامەکەی ئەوە بووە کە هێرشیان کردووەتە سر کەشتییەکی سعوودیە کە بووەتە هەڕەشەیک بۆ کەشتیەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان لە ئاوەکانی دەریای سوور، کە ئەم چالاکییانەی ئێران بووەتە هۆی مەترسی و تێکدانی ئاسایشی دۆست و هاوپەمانەکانی ئەرمیکا لە ناوچە."
گوتیشی "حکوومەتی ئۆباما بەم هەڕەشە و مەترسییانەی ئێران لە ناوچەکە وەڵامی پێویستی نەداوەتەوە، بۆیە ئەمریکا لە ئەمڕۆ بەدواوە هەموو هەوڵ و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێران دەخاتە ژێر چاودێرییەوە و گوتی "لەباتی ئەوەی ڕێککەوتنمان لەگەڵی کردووە سوپاسمان بکات، ڕوودار بووە و ئێمە لە ئەمڕۆوە بە فەرمی هۆشداری بە ئیران دەدەین."
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە ئاگاداری تاقیکردنەوەی مووشکەیی ئێرانین و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە گفتوگۆ داین کە لەم بارەوە هەڵوێست بگرن.
پاش چەند ڕۆژ لە گەرمبوونی باسی تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران، حوسێن دێهقان وەزیری بەرگیی ئێران، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و گوتی"ئەمە لە بەرنامەی کاری بەرگریماندا بووە و هیچ لایەنێکی بیانیش بۆی نییە دەستیوەردان بکات و ئێران لە هیچ لایەنێک ئیزن ورناگرێت، چونکە مافی خۆمانە.