::
بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستان PAK بە بۆنەی 70 هەمین ساڵوەگەڕی شەهید کرانی پێشەوا و هاورێکانی؛ رۆژی شەهیدانی کوردستان
29/3/2017

١٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٧، حەفتا ساڵ لە ئێعدامی سەرۆکی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان، پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانی تێپەڕ بوو کە وەک برینێکی قووڵ لە سەر جەستە و گیانی نەتەوەی کورد، ماوەتەوە.

پێشەواقازی محەمەد پاش ٤ ساڵ خۆبەڕێوەبەری ، گەیشتە ئەو باوەڕ و بڕیارەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا، کورد بە مافەکانی ناگا و سەرەنجام رۆژی 2ی رێبەندان، 22 ژانوایەی 1946 لە میتینگێکی 20000 کەسیی دا لە مهاباد،لە بڕیارێکی مێژووییدا، جیا بوونەوە لە ئێران و سەربەخۆیی کوردستانی راگەیاند و "بە خودا و بە کەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتی میللی کورد، بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان" سوێندی خوارد کە" تا ئاخر هەناسەی ژیان و رژاندنی ئاخر تنۆکی خوێن"، " بە گیان و بە ماڵ لە رێی راگرتنی سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان"دا تێبکۆشی.
بەمجۆرە و بە دامەزراندنی دەوڵەتێ لە شێوازی کۆمارییدا لە دەرەوەی خاک و سەروەریی ئێران، بە ئاڵا و سروود و زمان و پێتەخت و ئەڕتەشی نەتەوەیی و پێوەندیی دەرەکی و ئابووریی سەربەخۆ لە بەرانبەر دەوڵەتی شاهەنشاهی پەهلەوی بە زمان و دامەزراوە و هێما و سیمبۆلەکانی خۆی ؛ سەروەریی( حاکمیت- Sovereignty) نەتەوەیی کوردی وەدیی هێنا.
رووخاندنی دەوڵەتی جمهوری کوردستان و ئێعدامی سەر کۆمار و هاوڕێکانی لە لایان تارانەوە، کارەساتێکی گەورە بوو بۆ نەتەوەی کورد و ئاکامی مادی و مەعنەویی و فکری زۆر تفت و تاڵی بە دوادا هات.
دەوڵەتی شاهەنشاهی ئێران بە زەبری لەشکرکێشی بۆ کوردستان، کۆمەڵگای سیاسیی هەڵبژێردراوی نەتەوەی کوردی بە شێوەی سیستەماتیک لە بەر یەک هەڵوەشاند، هێما و سیمبۆلەکان و دامەزراوە سیاسی وکولتورییە نەتەوەییەکانی دایە بەر پەلاماری توونا کردن و زمان و هێما و دام و دەزگا و دامەزراوەی بێگانە و داگیرکەری بە سەر نەتەوەی کورد دا سەپاند. هەروەها بە زەبری توند و تیژیی دەوڵەتیی، ترس و تۆقاندن و نیگەرانیی رۆحیی خستە سەر دڵی تاکەکانی ئەم نەتەوەیە. ئەم تاوانە هەروەها رێگای بۆ درێژە پێدرانی ژێنۆساید و کۆمەڵکوژیی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەخت کرد.
رووخاندنی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان و ئێعدامی قازی محەممەد، زەبرێکی ستراتیژیی لە گیانی نەتەوایەتی و خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد سرەواند. ئەم تاوانە پڕۆژەی ئاسمیلاسیۆن و " بە ئێرانی کردن" ی نەتەوەی کوردی بووژاندەوە؛ ناسیۆنالیزمی ئازادیبەخشی کوردی تووشی پاشەکشە کرد؛ بواری پەرەگرتنی ئایدۆلۆژیای هاوردە و نامۆ لە گەڵ پرسی کوردی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان پێکهێنا؛ زۆر بەڵگە و بەڵگەنامەی نەتەوەیی کورد لە ناو بران و پاشان شتی ناڕاست و ساختە، بە ئامانجی تایبەت و دیاریی کراو، بۆ نەوەی ئێمە گوێزرایەوە.
سەرجەمی ئەم بارودۆخە، لادان لە بیر و سیاسەتی نەتەوەیی و سەرهەڵدانی قەیرانی ناسنامە و زاڵبوونی ئێرانچێتی بە سەر گوتاری رەسەنی کوردستانی و کێشە و دژبەریی ناڕەوای ناوخۆیی و بە فیڕۆدانی دەرفەتگەلی سیاسی و لە ئاکامدا خەسار بوونی بەشێکی گەورە لە هێز و توانای نەتەوەی کوردی لێکەوتەوە. 
بیر و باوەڕ و رێبازی قازی محەمەد هەڵقوڵاوی ناسنامە، مێژوو، ئەزموون، پێویستی و دۆخی راستەقینەی نەتەوەی کورد بوو. پێشەوا پاش چەن جار هاتووچۆ بۆ تاران و وتووێژ لە گەڵ دەوڵەتی ئێران، بە ژیری و واقعبینیی بۆی دەرکەوت کە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەر ناکرێ. بۆیە بریاری مێژوویی راگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی جمهوریی کوردستانی دا.
ئێستا پاش 70 ساڵ لە رووخانی جمهووری کوردستان و ئێعدامی پێشەوا قازی محەممەد، ئەم راستییە هەر لە جێی خۆی ماوە کە: رێگا چارەی پرسی کورد و ستراتیژی دروستی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، گەڕانەوەیە بۆ بیر و بڕیاری قازی محەمەدی شەهید، واتە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی. حیزبی ئێمە 25 ساڵە ئاڵای ئەم ئامانجە بەرزەی هەڵگرتووە و میراتگری بنەما فکری و سیاسییەکانی پێشەوا قازی محەممەد و دەوڵەتی جمهوری کوردستانە.
پارتی ئازادیی کوردستان حیزبی تووڕدانی بیر و سیاسەت و کولتوری سیاسیی ژەهراوی ئێرانچێتی و بووژاندنەوەی رەسەنایەتی ناسنامە و سیاسەتی کوردستانی و وەدیهێنەری ئەو ئامانجەیە کە پێشەوا قازی محەممەد سەری لە پێناو دانا. هەر بۆیەش لە چارگە سەدەی رابوردوودا، پێشەنگی فکری و سیاسی و مێتۆدیکی و پراکتیکی نەتەوەیی بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەگەر 70 ساڵ لەمەوبەر، هەلومەرجی نالەباری نەتەوەی کورد و نۆرمەکانی جیهانی ئەو سەردەمە، بوونە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە حاند ژێنۆسایدی نەتەوەی کورد بێدەنگی رەچاو بکا، ئەمڕۆ لە رۆژگاری پەرەسەندنی بایەخە مرۆڤییەکان و ئەو دەرفەتە سیاسیانەی بۆ نەتەوە بندەست و بێدەوڵەتەکان هەڵکەوتووە، رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە سەریانە ئەم لاپەڕەیە لە مێژوو، لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان هەڵدەنەوە و عالەم لە زۆڵمێ کە لە قازی محەمەد و هاورێیان و نەتەوەکەی کراوە، ئاگادار بکەن.
ئێمە داوا لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە هەموو ئاستەکانی تاک و گرووپ و دەوڵەت و رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەو تاوانەو پشتیوانی لە گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد لە رێگای بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە ژێر چاودێریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

سڵاو لە ناو و یاد و ئاڵا و ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەممەد
سەرکەوێ خەبات لە پێناو دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهوری کوردستاندا

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی ناوەندیی
٩ی خاکەلێوەی ٢٧١٧
٢٩ی مارسی ٢٠١٧



كۆمێنتی خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان ده‌ربرینی بیرورای خوێنه‌رانه ‌و سایته‌که‌مان به‌ر پرس نیه‌ له‌و كۆمێنتانه‌

ناو:

ئیمه‌یل:

کۆمێنت:

دیمانه‌
‌ حسەین یەزدانپەنا: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکووک تەواوکەری هەنگاوەکانی پێشمەرگەیە
‌ یەزدانپەنا: نابێ هیچ حزبێك سەروەریی پارچەیەكی تری كوردستان پێشێل بكات
بابه‌ت
زۆرینەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کام نەتەوە و پارێزگا پێک هاتون ؟
ناسر قازی
تەوشناسی ناسیۆنالیزمی کوردستانی
عەلی عەونی
داسەپاندنەوەی دووبارەی سایس- پیکۆ لەدژی کوردان
حەسەن ماوەرانی
لە کەوتنی حەلەب ، دەستکەوتەکانی هەریەک لە روسیا و ئێران و تورکیا چی بوون ؟
نیاز حاجی
پێناسەیەک لە مێژووی ئاڵای کوردستان
بەهمەن کاک عەبدوڵلا
کۆمه‌ڵایه‌تی
  • ژنان
  • منداڵان
  • قوتابیان و لاوان
  • ژینگه‌
ئاخاوتن
کوردستان24: دەقی وتەکانی حسەین یەزدانپەنا فەرماندەی گشتی هێزەکانی PAK بەبۆنەی 71 کۆماری کوردستان ‌
زۆرترین خوێنراو
  • 24 کاتژمێر
  • هه‌فته‌یه‌ک
  • مانگێک
سه‌رەتا ئاخاوتن بابەت دیدار بۆ کوردستان مافی مرۆڤ دیمانه‌ کۆنگرەی یه‌ک په‌یوەندی دەربارە ئەرشیف
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان 2012