ئەمڕۆ، بیست و نۆ ساڵ لە تاوانی ئەنفال تێده‌په‌ڕێ.
زنجیرە تاوانەکانی ئەنفال ، پرۆسەی ژێنۆسایدی کورد بوون . ژێنۆسایدی کورد لە کاتی بەڕێوەچوونیدا بە ئاشکراو به به‌رچاوی ده‌وڵه‌تانی جیهانه‌وه خوڵقا؛ بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش و ده‌وڵه‌ته بڕیار به‌ده‌سته‌کانی جیهان، له جه‌نگه‌ی کاره‌ساته‌که‌دا، خۆیان له حاست ئه‌و تاوانە نه‌با‌ن کرد.
ئەوەی رێدەستی خوڵقاندنی ئه‌م تاوانەی بە دەوڵەتی عێراق دا، وەک هەموو ئەو تاوانانەی لە ٥٠٠ ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی فارس و ترک و عەرەب دژ بە کورد خوڵقاندوویانە، بێده‌وڵه‌تیی کورد بوو. ئه‌گه‌ر کورد خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی سیاسیی خۆی بایه، هه‌رگیز هیچ هێز و دەوڵەتێک نەیدەتوانی بەمجۆرە پەلاماری توونا کردنی بدا و ژن و منداڵ و پیر و لاوی پێکەوە لەسەر نیشتمانی خۆی راماڵێ و زیندە بەچاڵیان بکا.
پارتی ئازادیی کوردستان – ماڵەوە
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، نابێ قووڵایی زامی ئەنفال هەرگیز لە بیر بکەن. تەنیا ئەنفال بەسە بۆ ئەوەی هەموو پردەکانی لکاویی کورد و نیشتمانەکەی بە دەوڵەتێکی داگیرکەرەوە بۆ هەمیشە بڕووخێن. تاوانی زیندە بە چاڵ کرانی منداڵەکانی کورد بەسە بۆ ئەوەی بالۆرەی ” پێکەوە ژیان”ی درۆزنانە و تراویلکەی” فیدرالیزم” و”دێموکراتیزە کردن”ی دەوڵەتی داگیرکەر، چاڵ بکرێن و ئێسک و پرووسکەکانی قوربانیانی ئەنفال بکرێنە بناخە رۆحییەکانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. رەفتارە سیاسییەکانی بەغدای پاش سەدام حسەین، جارێکی دیکە ئەو راستییە دەسەلمێنێتەوە کە مانەوە لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتانەدا، تەوقێکە کە هەمیشە دەتوانێ کورد تووشی کارەسات بکاتەوە. ئەم حەقیقەتە دەقاودەق لە سەر هەموو بەشەکانی دیکەی نیشتمانە دابەشکراوەکەمان راستە.
ئەوەندەی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەگەڕێتەوە، کاتی ئه‌وه هاتووه، ئه‌و ده‌وڵه‌ت و کۆڕ و کۆمه‌ڵانه‌ی ئاڵای مافەکانی مرۆڤ و ئینسانیی کردنی سیاسەت و دێموکراتی کردنی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان هه‌ڵگرتووه، له‌مپه‌ڕه‌کانی وەدیهاتنی بەرابەری حقوقی- سیاسی کورد لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی هەرێمەکە و جیهان هەڵگرن و یارمەتی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پێکه‌وه‌نانی کیانێکی ئازاد و دیموکراتیی پێبکەن. قەرەبووی ئەو زوڵم و زۆر و تاوانانەی کە لە دژی کورد کراون، تەنیا بە گەڕاندنەوەی مافی چارەونووسی زەوتکراوی و هاوکاری کردنی ئەم نەتەوەیە بۆ گەیشتن بە سەرەوەریی سیاسیی خۆی و یەکگرتنەوەی نیشتمانە دابەشکراوەکەی، دەکرێتەوە.
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی
25 خاکەلێوەی 2717
14 ئاوریلی 2017